رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت لە رۆژی چوارشەممە بەزۆری بە جێگیری مایەوە و لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بازرگانانی نەوت چاوەڕێن بزانن هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر کەنەدا و مەکسیک چۆن کاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت دادەنێت.
یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 2 سەنت دابەزی و بە 77 دۆلار و 47 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 4 سەنت بەرزبووەوە و بە 73 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی سێشەممە لەدوای شەپۆلێکی فرۆشتنی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیای ئەمریکا، نرخی نەوت رووبەڕووی دابەزینی بەرچاو بووەوە.
داهێنانی دیپسیک، چاتبۆتی چینی کە بە تێچوویەکی کەم توانای رکابەریی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەیە، نرخی نەوتی دابەزاند، لەبەر ئەوەی نیگەرانیی دروستکردووە لەسەر خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن داتا سەنتەرەکانی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا.
کۆشکی سپی دووپاتی کردەوە، دۆنالد ترەمپ هێشتا پلانی دانانی پێناسی گومرگی هەیە بەسەر مەکسیک و کەنەدا بە رێژەی 25%، بڕیارەکەش لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت.
هێشتا بە دروستی دیار نییە سەپاندنی پێناسە گومرگییەکان لەلایەن ترەمپەوە چۆن کاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت دروستدەکات.
کەنەدا ساڵانە نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی ئەمریکا دەکات و مەکسیکیش زیاتر لە 700 هەزار بەرمیل.
یوکی تاکاشیما، ئابووریناسی کۆمپانیای راوێژکاریی نامۆرا سیکیوریتی، لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەگەر هاتوو پێناسە گومرگییەکانی ترەمپ بکەونە واری جێبەجێکردنەوە، خستنەڕووی نەوت لە ئەمریکا کێشەی تێدەکەوێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ