وەزارەتی دارایی عێراق: پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەین

29-01-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەت بە بەجێکردن (تەوتین)ی مووچەی فەرمانبەرانی لە سەرجەم بانکەکاندا رادەستی وەزارەتی دارایی نەکردووە، دەبێت ئەو کەسانەمان بۆ ئاشکرا بکات کە زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی کانوونی دووەمی 2025 وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی قسەکانی رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچە دایەوە و رایگەیاند، "بە شێوەیەکی تەواو پیشەییانە و بە هەمان شێوازی وەزارەت و پارێزگاکانی دیکە، مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەین."
 
وەزارەتی دارایی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، "دواکەوتنی مووچە پەیوەندیی بە وەزارەتی داراییەوە نییە، چونکە ئێمە دەمانەوێت ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکەین کە زیاتر لە ساڵێکە دەریکردووە و هەرێمی کوردستانیش تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەت بە بەجێکردنی (تەوتینی) مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لە سەرجەم بانکەکاندا رادەستی وەزارەتی دارایی نەکردووە."
 
هەر سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە، بەهۆی "جیاکردنەوەی ناوی ئەو فەرمانبەرانەیە کە رەوانەی خانەنشینی کراون، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش وەزارەتی دارایی فیدراڵی تیمێکی فەرمانبەرانی وەزارەت لە ژمێریاری و بودجە و خانەنشینی زیاتر لە 10 رۆژ کاریان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرد، بە مەبەستی وردبینیی لیستەکان و لێدەرکردنی ئەو کەسانەی رەوانەی خانەنشینی کراون و هەژمارکردنی مووچەی خانەنشینییان بەپێی یاسای خانەنشینی ژمارە 26ی ساڵی 2019ـی هەموار کراو، هەروەها هەژمارکردنی بڕی زیادەی 100 هەزار دینار بۆ خانەنشینان و حیسابکردنی پاداشتی کۆتایی خزمەت، هەروەها لێدەرکردنی خانەنشینە کۆنەکان، لەوانەی کە یاساکە دەیانگرێتەوە، ژمارەیان زیاتر لە 29 هەزار فەرمانبەرە رەوانەی خانەنشینی دەکرێن، ئەمەش بەگوێرەی روونکردنەوەی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە دوایین کۆبوونەوەی بە‌غدا."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "لێدەرکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەوانەی بەشێکن لە هێزی وشکانیی فیدڕاڵی، دەرکەوت هەرێمی کوردستان مووچەکانیان لە پشکی خۆی دەدات، کە بووە هۆی کورتهێنان لە مووچە و وا پێویست بوو ئەوانە مووچە لە وەزارەتی بەرگرییەوە وەربگرن، چونکە تەرخانکراو و میلاکیان سەر بە وەزارەتی بەرگرییە."
 
وەزارەتی دارایی عێراق داوا دەکات، هەرێمی کوردستان "ئەو کەسانەمان بۆ ئاشکرا بکات کە زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن و یاساکانی هەرێمی کوردستان دەیانگرێتەوە، هەروەها کۆپییەکی ئەو یاسایانەشمان بۆ بنێرێت، بۆئەوەی ناویان لە لیستی مووچەی مانگانەدا دوورنەخرێتەوە بە هۆکاری دووبارەبوونەوەیان، کاتێک مانگانە بڕین و وردبینیی ناوەکان دەکرێت."
 
لەبارەی پرۆسەی بەجێکردن (تەوتین) و ناردنی مووچە لەکاتی خۆیدا، وەزارەتەکە دەڵێت، "تەوتین پرسێکی بنەڕەتییە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، نەک پشتبەستن بە لیستی کاخەز، ئەمەش بۆ گەرەنتیکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا. وەزارەتی دارایی دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان لە دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆران بەرپرسیارە."
 
هەروەها وەزارەتی دارایی عێراق روونی دەکاتەوە، "تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە بۆ مانگی کانوونی یەکەمی 2024 تائێستا تەواو نەبووە بەهۆی بە هەڵە ناردنیان، هەروەها فەرمانبەرانی بەشی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ راستکردنەوەی، چونکە مەرجی دارایی هەر مانگێک پێویستی بەوەیە بەشی ژمێریاری لەگەڵ تەرازووی مانگانەی مانگی پێشوو دابین بکرێت. روونیشی دەکەینەوە، وەزارەتەکەمان بەردەوامە لە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ مانگی کانوونی دووەم، چونکە هێشتا مانگەکە کۆتایی نەهاتووە."
 
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، رێباز حەملان، بریکارى وەزارەتى دارایی عێراق راگەیێنراوێکى لەبارەى هەوڵەکان بۆ چارەسەرى کێشەى مووچە لە پەڕەی فەرمیی خۆی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبوومەوە و باسی دۆخی دارایی عێراق و ئاڵنگارییەکانمان لە ئەم ساڵدا کرد، دەبێت لە چوارچێوەی دەستووری عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی وەکو خۆی بچێتە واری جێبەجێکردن."
 
رێباز حەملان ئەوەشى راگەیاندووە، "مووچەی خەڵکی کوردستان زۆر دواکەوتووە و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان لە دۆخێکی دارایی خراپە، مووچەخۆران زۆر پشوو درێژ و خۆڕاگر بوون، بۆیە بۆ سەرۆکوەزیرانم روونکردەوە، داواکاریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەبێت وەکو هەرێم مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی وەکو خۆی بچێتە واری جێبەجێکردن تایبەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە