رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان رایگەیاندووە، تاوەکو مەرجەکان جێبەجێ نەکرێن، "ئامادە نییە پارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت." بەرپرسێکی هەرێمی کورستانیش دەڵێت، ئەو لیستەی مووچەخۆران کە ناردوویانە، دیوانی چاودێریی عێراق واژۆی لەسەر کردووە، "دووبارە بوونەوەی ناویش لە لیستەکە ئاساییە، چونکە ناوی چواریمان نەناردووە."
"یەکەمجارە بەغدا داوای لیستی مووچە بکات،" ئەمەش وەکو د. محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی رووداو لە کاژێر 09:00، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی. لەبارەی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە نێردراوە، ئاماژەی بەوە کرد، "بە وردی و دروستی نێردراوە."
بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێویستی نازانێت لیستی مووچەخۆرانیان بۆ بەغدا بنێردرێت و ئەوەشی خستەڕوو، "ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیدار نییە بەو لیستەی وەزارەتی دارایی عێراق ئێستا داوای دەکات."
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو قسەی لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کردووە و ئەندامێکی لیژنەکە پێی راگەیاند، "تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پێی گوتین: ناردنی 618 ملیار دینارەکە مەرجدارە و تاوەکو ئەو مەرجانە جێبەجێ نەکرێن، واژۆ لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان ناکات."
لەبارەی مەرجەکانیشەوە، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئەوەی ئاشکرا کرد، وەڵامدانەوەی ئەو شەش خاڵەیە کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی کردووە، تێیدا دوای ناوی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات، لەگەڵ بڕی مووچەکەیان. گوتیشی، "تاوەکو ئێستا 300 هەزار ناوی مووچەخۆری هەرێمی کوردستان نێردراون بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا وردبینیی لیستی مووچەی ئەم مانگەش نەنێردراوە."
وەزیری دارایی عێراق لەبارەی هۆکاری ئەوەی کە ئامادە نییە واژۆ لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بکات، بە ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی گوتووە، "ناتوانم واژۆ لەسەر هیچ شتێک بکەم کە رەزامەندیی حکومەتی لەسەر نەبێت، یان مەرجە داراییەکانی تێدا نەبێت، چونکە من کە ئەم پۆستەم وەرگرتووە، هیچ حیزبێک لە پشتم نەبووە، بۆیە ئەگەر شتێکی لەم شێوەیە بکەم، رەنگە پێنج ساڵی دیکەش بێت لە دژم بەکاریبهێنن و دۆسیەم لەسەر بکەنەوە و زیندانی بکرێم."
لە نووسراوێکی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، کە ئاراستەى نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە لە بەغدا، شەش تێبینیى ئەو وەزارەتەى پێگەیاندوون لەبارەى ژمارەى فەرمانبەران، خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان. لە تێبینییەکاندا هاتووە، "زانیارییان پێنەدراوە لەبارەى رەگەزى نێر و مێى مووچەخۆران لە هەرێمى کوردستان و ئەو زانیارییانەى پێیان دراوە، خشتەى ناونیشانى وەزیفی و پلەکانیان و پارەکانیان پێنەدراوە و تەنیا ژمارەى پلەى وەزیفییان پێدراوە و زۆربەى ئەو زانیارییانەى پێیان گەیشتوون بە زمانى کوردى بووە."
لە نووسراوەکەی وەزیری دارایی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە، هەرێمى کوردستان میلاکى فەرمانبەرانیان بەجیا لەسەر ئاستى هەر وەزارەتێک پێنەداون تاوەکو بزانن ژمارەى مووچەخۆرانى مەدەنى و سەربازی چەندە و ئەو زانیارییانەى هەرێمى کوردستان رادەستى کردوون لەبارەى پلەى وەزیفى، جیاوازە لەوەى لە خشتەى یاسای بودجەى گشتیدا هاتووە.
لە بەشێکى دیکەی تێبینییەکانى وەزارەتى دارایی عێراقدا هاتووە، تێبینیى ئەوەیان کردووە دووبارەبوونەوەى ناوی مووچەخۆر هەیە لە نێوان تۆڕى کۆمەڵایەتى و خانەنشینى، هەروەها دووبارەبوونەوەی ناوی مووچەخۆر هەبووە لە خانەنشیناندا لەکاتێکدا ئەوانە فەرمانبەر بوون، بۆیە داوایکردووە ئاگاداریان بکەنەوە لە پاڵپشتیى یاسایی سەبارەت بەو پرسە.
بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی: دووبارەبوونەوەی ناو لە لیستی مووچە ئاساییە
یەکێک لەو خاڵانەی مشتومڕی زۆری دروستکردووە لە نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەو خاڵەیە کە باسی بوونی ناوی دووبارە دەکات. لە بارەی بوونی ناوی دووبارە و دوو مووچە لە لیستەکە، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دووبارەبوونەوەی ناو لەو لیستەی نێردراوە بۆ بەغدا "ئاساییە، چونکە ناوی چواریمان نەناردووە. بوونی دوو مووچە ئاساییە، بە نموونە ئافرەتێک مامۆستا بێت و هاوسەری شەهید بێت، هەردوو مووچەکە دەچێتەوە سەر ناوی ئەو ئافرەتە، بۆیە لەو حاڵەتانەدا ئاساییە، بەڵام لە 17ی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە ئێمە لیستی ژمارە و گوژمەی مووچەخۆرانمان ناردووە، کە واژۆی ئێمە و دیوانی چاودێریی حکومەتی فیدراڵیی لەسەر بوو، کەواتە ئەمە ئەو پەندە دەگرێتەوە کە، دەبینێت و نابیستێت."
ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان 1.2 ملیۆن کەسە و خەرجیی مووچەیان 940 ملیار دینارە
محەممەد شێخ فاتیح، نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقی پیشانی بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا و لێی پرسی، "ئەوە ساختەیە یان راستە؟ ئەو کەسەی پێی دەڵێیت، دەبینێت و نابیستێت؛ ئەویش دەڵێت، لەخۆڕا قسە ناکەم، ئەوەی لەگەڵ ئێوە واژۆی کردووە، ئەو ئەم تێبینییانەی هەیە؟"
نووسراوەکە بە فەرمی بۆ دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەچووە؛ د. محەممەد زراری پێیوایە، "نایشی نێرن بۆ ئێمە، ئەرکی وەزارەتی داراییە وەڵامیان بداتەوە. وەڵامیشی داونەتەوە."
لەبارەی ناوی سیانی و دووبارە ئەو بەرپرسە لە دیوانی چاودێریی دارایی بەلایەوە "زۆر ئاساییە" و نموونەی بە خۆی هێنایەوە و گوتی، "ناوم محەممەد مستەفا ئەحمەدە، لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرت کێشەیەک لە ناوەکەم هەبوو، سەیرم کرد 47 ناوی هاوشێوەم لە هەولێر هەبوو، باشە گریمان لەو 47 کەسە 10یان مووچەخۆرە."
لەگەڵ باسی ناوی دووبارە، ناوێک بووە بە رەمز، ئەویش ناوی "شەریفە." محەممەد شێخ فاتیح پرسیاری ئەوەی کرد، ئەو ناوە بۆ بارز بووە؟ لە گفتوگۆکانتان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ئەم نموونەیان باس کردووە؟
لەبارەی ئەو ناوە بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو کە ئەوانیش لە سۆشیاڵ میدیا بیستوویانە، "لە گفتوگۆکانی پێشتر یان بە فەرمی لەگەڵمان باسیان نەکردووە، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو نووسراوەی وەزارەتی داراییش، ئێمە هیچ کۆبوونەوەیەکمان نەکردووە."
پێشکێشکاری بووڵەتنی ئابووریی رووداو پرسیاری ئەوەشی کرد، "ئەو پرسیارەتان نەکرد لە دیوانی چاودێریی بەغدا، کە بۆچی واژۆیان لەگەڵ ئێوە یەک بوو، ئێستا ئەم پرسیارانە چییە؟"
لە وەڵامدا د. محەممەد زراری گوتی، بە فەرمی پرسیاریان لێنەکردوون، بەڵام ئەوانیش هەمان پرسیاریان هەیە.
هاوکات وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هیچ شتێكی نامۆ و نایاسایی لەنێو لیستی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمدا نییە و ناوە ناوە وروژاندنی بابەتی تازە بە جۆرێک لە گێچەڵ دەزانین بۆ تەگەرە خستنە بەردەم پێدانی مووچە، كە مافی رەوا و سادەی خەڵكە."
لە ماوەی رابردوو تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان ماوەی مانگێک لە هەرێمی كوردستان سەرقاڵی وردبینی بوون لە ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بە مەیدانی سەردانی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانیان كردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ