کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان: زیاتر لە 220 هەزار کرێنشین هەن

29-01-2023
نازەنین گۆران
دیمەنێکی گشتیی هەولێر کە چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون دەردەکەون. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیمەنێکی گشتیی هەولێر کە چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون دەردەکەون. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە 220 هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستان هەن. سەرۆکی لقی هەولێری کرێنشینانیش دەڵێت: "ئەو 20 هەزار یەکە نیشتەجێبوونانەی بڕیاربوو لە ماوەی دوو ساڵ تەواو بکرێن، دوای حەوت مانگ هێشتا هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنراوە". 
 
کارزان رەسوڵ، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نزیکەی 25 هەزار کرێنشین لە هەولێر هەن کە ناویان تۆمارکردووە، بەڵام بەگوێرەی ئامارێکی فەرمی، نزیکەی 78 هەزار کرێنشین لە سەنتەری شاری هەولێر هەن کە ناویان تۆمارنەکردووە. 
 
کارزان رەسوڵ گوتی: "پڕۆژەیەکمان پێشکێشی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کردبوو بۆ ئەوەی کرێی خانوو بە پشتبەستن بە رووبەری خانوو دیاریبکرێت، بۆ نموونە 100 مەتری بە 200 هەزار بێت، ئەوەش بۆ رێکخستنی کرێ، بەڵام ئەنجوومەن وەڵامی نەداینەوە."
 
بە گوتەی سەرۆکی لقی هەولێری کرێنشینان، ئەوان بە یاداشت داوایان لە هەموو فراکسیۆنەکان کردووە پاڵپشتییان بکەن بۆ ئەوەی بارودۆخی کرێنشینان باشتر بکەن و دەڵێت: "کێشەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە پڕۆژەی نوێ رادەگەیێنێت، لە کاتێکدا پڕۆژەی تەواونەکراو هەن، بۆ نموونە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون هەبوون کە بڕیاربوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دروستیان بکات، بەڵام تەواونەکران و حکومەتی هەرێمی کوردستان 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکەی راگەیاند، ئەوەش بڕیاربوو لە ماوەی دوو ساڵ تەواوبکرێت، بەڵام حەوت مانگ تێپەڕیوە و هیچ هەنگاوێک نەنراوە، کێشەی حکومەت لە بڕیار نییە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانە."
 
مانگی ئایاری ساڵی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کەمدرامەتان دەرکرد. 
 
رۆژی شەممە، 28-1-2023، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەبارەی هەنگاوەکانی دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە زاخۆ دەست بە پڕۆژەکە کراوە و هیچ گرفتێکی نییە، لە سلێمانی نووسراویان بۆ کردین بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر وەبەرهێنەرێک بدەین و وەڵاممان داونەتەوە کە پەسەندکراوە و گرفت نییە، ئێستا لە قۆناخی دیاریکردنی زەویدان، لە پارێزگای هەولێر لەسەر شەقامی 120 و 150 مەتری شوێن دیاریکراوە و وەبەرهێنەریش دیاریکراوە، ئەوەی ماوەتەوە کاتی دەستپێکردنی کارە، لە پارێزگای دهۆکیش وەبەرهێنەر و زەوی دیاریکراون، بەڵام رەگەزی زەوییەکە گۆڕانکاری دەوێت بۆ ئەوەی ببێتە شوێنی یەکەی نیشتەجێبوون و ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەن."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، ئێستا زیاتر لە 220 هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستان هەن. بەرهەم قەرەداخی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان بە رووداوی گوت: "پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆ خزمەتی چینی کرێنشین و کەمدەرامەت نین، چینی کرێنشینان ناتوانن بچنە نێو پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، چونکە نرخی کرێکانیان زۆر زیاتر لە توانای ئەوانەوەیە". 
 
بە گوتەی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەری راستەوخۆی کردووەتەسەر رەوشی کرێنشینان و وایکردووە "ژیانیان قورستربێت". 
 
بەرهەم قەرەداخی لەوبارەوە گوتی: "بەگوێرەی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر خاوەن خانوویەک دەبێت هەر باجێکی حکومەتی لایە بیدات، ئینجا دەتوانێت خانووەکەی بەکرێ بدات، ئەمەش وایکردووە کە خاوەن خانوو لەبری ئەوەی باجەکانی بە حکومەت بداتەوە، خانووەکەی بەکرێ نەدات، ئەمەش بارگرانی بۆ خەڵک درووستکردووە لەوەی نەتوانن بە ئاسانی خانوویان دەستبکەوێت". 
 
مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان فۆرمێکی بۆ 20 هەزار یەکەنیشتەجێبووەکە بلاوکردوەوە و زیاتر لە 119 هەزار کەس فۆرمەکەیان پڕکردەوە. بەرهەم قەرەداخی دەڵێت: "فۆرمەکە قسەی زارەکییە و بێ بەرنامەییەکی زۆری تێداکراوە، بەجۆرێک خەڵک هەیە لە ئێران، ئەمریکا، ئوستورالیا و شوێنی دیکە ئەو فۆرمەی پڕکردووەتەوە، خێزان هەیە هەموو ئەندامانی خێزانەکە فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە لەکاتێکدا شایستەنین، ئەو فۆرمە تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی نییە و بەهۆی بێ سەروبەرەیی فۆرمەکەوە، حکومەتیش نازانێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکات". 
 
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لەبارەی جیاکردنەوەی ناوی ئەو کەسانەی کە خۆیان بۆ 20 هەزار یەکەنیشتەجێبووەکە تۆمارکردووە گوتی: "دەست بە جیاکردنەوەی ناوەکان کراوە و بەمزووانە تەواو دەبێت."
 
سەرۆکی لقی هەولێری کرێنشینانیش دەڵێت: "دەستەی وەبەرهێنان راوێژیان پێکردووین لە کاتی نووسینی ناوەڕۆکی فۆرمەکە، بەڵام رەنگدانەوەی پێشنیازەکانمان لە فۆرمەکە نەبینی."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.