بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی؛ 'ساڵی داهاتوو 100 دۆلار دەگاتە 140 هەزار دینار'

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی، 100 دۆلار بە زیاتر لە 152 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت. شارەزایەکیش دەڵێت، رەنگە لە مانگی یەکی ساڵی 2024، نرخی 100 دۆلار بۆ 140 هەزار دیناریش دابەزێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28-12-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 151 هەزار و 600 دینار مامەڵەی پێوەکراوە، بەڵام لەکاتی داخستندا نرخی دینار دابەزی و 100 دۆلار گەیشتە 152 هەزار و 350 دینار.
 
وەک حاجی سابیر دەڵێت، هێرشی ئەمدواییەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر میلیشیا چەکدارەکانی عێراق کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی دینار داناوە.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەشڵێت، بازاڕ چاوەڕوانی ساڵی نوێ و رێکارەکانی بانکی ناوەندییە و گوتیشی، "هێشتا خواست لەسەر دۆلار هەیە."
 
لە سلێمانیش بەهای دۆلار بەراورد بە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو، لە کاتی داخستندا گۆڕانکاریی بەسەرداهات؛ رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 151 هەزار و 750 دینار و، لەکاتی داخستنیشدا بە 152 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
ئەو ئاڵوگۆڕکارە دەڵێت، ئەمڕۆ مامەڵە کەمتر بووە، چونکە دوای سەری ساڵ کەس نازانێت چ گۆرانکارییەک دروست دەبێت و نرخەکە چی لێدێت؛ بەرچاوڕوونی نییە.
 
د. نەوزاد هەمەوەندی، مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دکتۆرا لە دارایی و شارەزای ئابووری بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی، بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی عێراق [مامەڵەی بازرگانیی نێوخۆیی بە دینار] بڕیارێکی گرنگە؛ بەڵام ئەگەر جێبەجێ نەکرێت دەبێتە خۆکوشتنی سیاسی و ئابووریی عێراق.
 
د. نەوزاد هەمەوەندی باس لەوەشدەکات، بڕیارەکەی بانکی ناوەندی، نرخی نرخی دۆلار دەگەیێنێتەوە نرخی فەرمی، بەڵام رەنگە چەند مانگێک بخایەنێت.
 
ئەو شارەزایە پێیوایە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی بڕیارەکە، رەنگە هەر لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو، نرخی 100 دۆلار بۆ 140 هەزار دینار دابەزێت.
 
سەبارەت مەترسییەکانی سەر دینار  لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی رێکار و پلانەکانی بانکی ناوەندی د. نەوزاد هەمەوەندی باس لەوە دەکات کە، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی، نرخی دینار زۆر دادەبەزێت و هاوشێوەی تمەنی ئێرانی و لیرەی سووریی لێدێت، جگە لەوەی متمانە بە بانکی ناوەندیش نامێنێت.
 
ئەمڕۆ بانکى ناوەندیى عێراق لە رێگەى دەروازەى فرۆشتنى دراوەوە، 210 ملیۆن و 430 هەزار و 551 دۆلارى خستە بازاڕەوە. 
 
لەو بڕە دۆلارەى کە خستوویەتییە بازاڕەوە، 189 ملیۆن و 499 هەزار و 551  دۆلارى بۆ حەواڵەى دەرەکى بووە و 20 ملیۆن و 931 هەزار دۆلاریش بۆ فرۆشتنى نەختینەیی بووە.
 
بانکى ناوەندیی عێراق لە رێگەى رێککەوتن لەگەڵ تورکیا بۆ زیادکردنى ماڵە بە یۆرۆ و لیرەى تورکى شان بەشانى دۆلار، هەوڵ دەدات بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرز بکاتەوە.
 
بانکی ناوەندیی عێراق ئەو رۆژانەی دەوامی فەرمی هەبێت، زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت و بۆ هەر 100 دۆلار، 132 هەزار دینار وەردەگرێت، بەڵام ئاڵوگۆڕکارانی دراو دەڵێن، بانکی ناوەندی مەرجی زۆر بۆ فرۆشتنی دۆلار دادەنێت و زۆرینەی ئەو دۆلارەشی دەیفرۆشێت، بۆ دەرەوەی بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە؛ بۆیە بەردەوام بەهای دینار ناجێگیرە.