داهاتی ئەمساڵی منداڵێکی ئەمریکی لە یوتیوب نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار بووە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمساڵ بەهۆی پەتای کۆرۆنا بەشێک لە خەڵک کارەکانیان لەدەستدا، بەڵام رایان کاجی کە منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵی ئەمریکییە لەڕێگەی چانێڵی یوتیوبەکەیەوە 29 ملیۆن و 700 هەزار دۆلاری بەدەستهێناوە.
 
رایان لە چانێڵی یوتیبەکەیەوە زانیاری لەبارەی کەلوپەلی منداڵان و چۆنێتی بەکارهێنانیان بڵاودەکاتەوە، لەو رێگەیەشەوە داهاتی ساڵانەی ملیۆنان دۆلارە. ئەوە سێیەم ساڵی یەک بەدوای یەکە کە پلەی یەکەمی پڕداهاتترین بەکارهێنەری یوتیوبی گرتووە، چانێڵەکەی رایان نزیکەی 42 ملیۆن سەبسکرایبەری هەیە و ئەمساڵ کۆی گشتی ژمارەی بینەری ڤیدیۆکانی زیاتر بوو لە 12 ملیار بینەر.
 
بەپێی راپۆرتێکی بڵاوکراوەی فۆربسی ئەمریکی لە ساڵی 2016 داهاتی کاجی 11 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام پاشان زیاتر پەرەی بە کارەکانی داوە و لە ساڵانی 2018، 2019 و 2020 پلەی یەکەمی پڕداهاتترین بەکارهێنەری یوتیوبی بەدەستهێناوە و لەو سێ ساڵەدا نزیکەی 78 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە.
 
یوتیوب پلاتفۆرمێکی ئەمریکییە بۆ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ، کۆمپانیای یوتیوب لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ پارە بە بەکارهێنەرەکانی دەدات. بڕی ئەوە پارەیەی کە دەدرێتە بەکارهێنەرەکان بەپێی ژمارەی بینەر، درێژیی ماوەی ڤیدیۆکە و رێکلام لەنێو ڤیدیۆکەدا دیاریدەکرێت. بەپێی بڵاوکراوەی فۆربس، پلاتفۆرمی یوتیوب لە بەرامبەر هەزار بینەر پێنج دۆلار دەداتە بەکارهێنەرەکانی.