لە پێشەكی ئەو چوار راپۆرتەی كۆمپانیای دیلۆیت لەبارەی كەرتی وزەی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردوونەتەوە، هەموو جارێك دەنووسێ "كۆمپانیای دیلۆیت بەرپرسیارە بەرامبەر ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گازی هەرێمی كوردستان. هیچ لایەنێكی دیكە مافی پشت بەستنی بەم راپۆرتە نییە"، بەڵام ئایا ئەم جۆرە رێككەوتنەی كۆمپانیای دیلۆیت و حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئامانج لێی زیادكردنی پرۆسەی شەفافیەتە لە كەرتی وزەدا، لە چ شوێنێك لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی شەفافییەت یەكدەگرێتەوە؟
رۆژی 5/10/2016 حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای دیلۆیت كە یەكێكە لە چوار كۆمپانیا بەناوبانگەكانی جیهان لەبواری ژمێریاری و وردبینی، گرێبەستێكیان بۆ وردبینی لە پرۆسەكانی بەرهەمهێنان و هەناردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان واژۆ كردووە. رێككەوتنەكە لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی پرۆسەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێكرا و زۆر بەگرنگ لەقەڵەم درا لە پێناو زیادكردنی پرۆسەی شەفافیەت لە كەرتی وزەی هەرێمی كوردستاندا، بەڵام ئایا ئامانجەكەی پێكاوە؟
لەو ماوەیەی كە گرێبەستەكە كراوە، واتە لە ئۆكتۆبەری 2016 تاوەكو ئێستا، كۆمپانیای دیلۆیت چوار راپۆرتی لەبارەی دەرهێنان و هەناردن و فرۆشتنی نەوتی كوردستان بڵاوكردووەتەوە. ناوەڕۆكی راپۆرتەكان پەیوەستە بە كەرتی نەوت لە نێوان ساڵی 2017 تاوەكو ناوەڕاستی 2018، واتە تەنیا وردبینی لە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی كوردستان كراوە لەماوەی یەك ساڵ و شەش مانگی رابردوودا!
كۆمپانیاكە لە سەرجەم راپۆرتەكانیدا، ئاماژەی بەوە كردوووە كە لە گرێبەستەكەیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، وردبینی لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی كوردستان لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2016ەش دەكرێت، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی كارە بڵاوكراوەكانی كۆمپانیاكە تەنیا پەیوەست بووە بە دوو ساڵی رابردوو و ساڵانی پێشتر دیار نییە چ گوزەراوە؟
جگە لەوانەی گرێبەستەكەیان لەگەڵ كۆمپانیای دیلۆیت كردووە، رای گشتی نازانێ ئەو گرێبەستە بە چەند كراوە و تا كەی بەردەوام دەبێ؟ ئایا بۆچی حكومەت هەوڵی نەداوە لەرێگەی عێراقەوە ئەم كارە بكات؟ لەكاتێكدا بەشێكی زۆری تێچووی خەرجییەكانی وردبینی نەوتی عێراق لەچوارچێوەی دەستپێشخەری شەفافیەت لەلایەن بانكی جیهانییەوە دابین دەكرێت.
بەچاوخشاندنێك بۆ ناوەڕۆكی چوار راپۆرتی بڵاوكراوەی پێشووتری دیلۆیت، چەندین هەڵە و كەموكورتی وردبینی دەردەكەون كە لەم نووسینەدا ئاماژە بەو حەوت لەو كەموكڕیانە دەدەم.
1- لەو چوار راپۆرتەی تا ئێستا بڵاوكراونەتەوە، هەموو جارێك خاڵێك كۆپی و پەیست كراوەتەوە، ئەویش ئەوەیە :"هیچ بەیانێكی نادروستمان بەدی نەكردووە لە زانیارییەكانی هەناردەكردن و بەكاربردن و فرۆشتنی نەوت". بەڵام ئایا بەیانی ناڕاست بەدینەكراوە یان بڵاوناكرێتەوە؟ چونكە من گومانم نییە جگە لەو راپۆرتانەی دەخرێتە بەردەم رای گشتی، دیلۆیت راپۆرتی جیاواز لەوەی بڵاوی دەكاتەوە دەداتە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئایا ئەو راپۆرتانە بۆچی ناخرێنە بەردەست میدیا و پەرلەمان و پسپۆرانی ئابووری؟! مادام هیچ بەیانێكی نادروست لە زانیارییەكانی هەناردن و فرۆشتنی نەوتی كوردستاندا نییە، تاكەی حكومەت بە ناوی وردبینییەوە پارە دەداتە كۆمپانیای دیلۆیت؟
2- لەوەتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای دیلۆیت كردووە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بە بیانووی راپۆرتەكانی دیلۆیتەوە، بڵاوكردنەوەی راپۆرتی داهات و هەناردەی نەوتی راگرتووە كە پێشتر مانگانە بڵاوی دەكردنەوە و پڕ بوون لە وردەكاریی لە بارەی پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی تێدابوو، لەكاتێكدا پرۆسەی وردبینی دیلۆیت و راپۆرتەكانی پێشووی حكومەتی دوو شتی جیاوازن! بۆیە دەكرێت راپۆرتەكانی دیلۆیت ساڵانە بڵاوبكرێنەوە و بەوردەكارییەكی زیاتر، نەك بەو شێوەی ئێستا كە كاتی بڵاوكردنەوەی نادیارە. هەروەها بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكانی سامانە سرووشتییەكان بەردەوام بن، یان ماڵپەرێكی تایبەتی بۆ بكرێتەوە و رۆژانە داتاكانی بەرهەمهێنان و هەناردە و فرۆشتنی نەوتی تێدا بڵاوبكرێتەوە.
3- لە یاسای ژمارە 22ی تایبەت بە نەوت و گازی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی روون ئاماژە بەوە كراوە كوردستان پابەند دەبێت بە پێوەرەكانی EITI، بەڵام بەچاوخشاندنێك بە راپۆرتەكانی دیلۆیت هیچ یەكێك لە راپۆرتەكان لەگەڵ ئەو پێوەرانە یەكناگرێتەوە، هەروەها دیلۆیت و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێككەوتنیان لەسەر ئەوەی كۆمپانیاكە تەنیا بەرامبەر حكومەت بەرپرسیارە، ئەوەندەی دیكە گومانەكانیان لەسەر ئەم هەنگاوە زیاتر كردووە.
4- لە راپۆرتەكانی دیلۆیتدا بەهیچ شێوەیەك ئاماژە بە بڕی ئەو پارە نەكراوە كە حكومەت لە قۆناغی رابردوو بەناوی شیرینی گرێبەستە نەوتییەكان وەریگرتووە، ئایا بڕەكەی چەندە؟ چۆن خەرجكراوە؟ ئایا بۆچی هەوڵنادرێت لە راپۆرتێكی جیاوازدا ئەم پرۆسەیە روونبكرێتەوە كە لە رابردوو و ئێستاش زۆرترین قسەی لەسەركراوە؟
5- بەهیچ شێوەیەك لە راپۆرتەكاندا ئاماژە بە كڕیارانی نەوتی كوردستان لەڕێگەی بۆری و تەنكەرەوە نەكراوە. دیارنییە كڕیارەكان كێن و نرخەكانی فرۆشتنی نەوت بەچی شێوەیەك دیاریكراون.
6- هەرچەند مانگانە كۆمپانیا نەوتییەكان بڕی ئەو شایستە داراییانەی كە وەریدەگرن لەڕاپۆرتی مانگانەی خۆیان بڵاوی دەكەنەوە، بەڵام لەچوارچێوەی راپۆرتەكانی دیلۆیتدا ئەم پرۆسەیە بەهیچ شێوەیەك روون نەكراوەتەوە.
7- بەرپرسانی حكومەت لە چەندین بۆنە و گفتۆگۆی رۆژنامەڤانی ئاماژەیان بەوەكردووە پارەیەكی زۆری كۆمپانیاكان قەرزارین، دیارنییە ئایا قەرزەكان چۆنن؟ ئایا پارەی نەوت راستەوخۆ وەرگیراوە؟ ئایا شایستەی داراییە؟ ئایا پارەی نەوتی پێشوەختی فرۆشراوە یان بابەتی دیكەیە؟ لەكاتێكدا پێویستە ئەم بابەتە لە راپۆرتەكانی دیلۆیتدا روونبكرێـتەوە، ئایا بڕەكەی چەندە؟ چەندی دراوەتەوە و چۆن دراوەتەوە؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ