نەرمین مەعرووف: لە عێراق کێشەی پارەی کاش هەیە و دابەشکردنی مووچە دوادەکەوێت

رووداو دیجیتاڵ 

نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، تەیف سامی پاساو بۆ خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەهێنێتەوە. دەشڵێت "حکومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لە ناردنی مووچە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 28-11-2024 نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژ بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات. نەرمین مەعرووف لەبارەی دۆخی دارایی عێراق رایگەیاند "کێشەی پارەی کاش هەیە و دابەشکردنی مووچە لە عێراقیش دوادەکەوێت."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوەشکرد "دادگەی فیدراڵی، گەرەنتیی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کردووە."
 
"عێراق دەستیکردووە بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان." بەگوتەی ئەندامەکەی لیژنەی دارایی.
 
پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان زیاترە لە 12٪؛ نەرمین مەعرووف دەڵێت، چاوەڕێ دەکەن بودجەی هەرێمی کوردستان بگاتە 14٪.
 
بەپێی گوتەکانی نەرمین مەعرووف "وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ناردنی مووچە، پەنای بۆ خەرجیی فیعلی بردووەتەوە. بەڵام چاوەڕێین ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بگوازێتەوە."
 
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە لەوەی "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەسەڵاتی زیادکردنی پارەی مووچەی هەیە."

 

 
نوێدەکرێتەوە...