رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، دابەزی. هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە یەک ئۆنسە زێڕ بە 2627 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و بەراورد بە رۆژی چوارشەممە، نزیکەی 10 دۆلار لە یەک ئۆنسەدا بەهای خۆی لەدەستداوە.
چەندین ئاماری ئابووری لە ئەمریکا بڵاوبوونەتەوە کە هێمای ئەوەن پرۆسەی دابەزینی هەڵاوسان لەو وڵاتە خاوبوونەتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سیاسەتی نەختی دادەنێت، بەتایبەتی لە کۆبوونەوەی مانگی داهاتووی بانکەکە.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووی زێڕدا بەڕێژەی 0.5٪ دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 2625 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی شرۆڤەکاران، رەنگە بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەرکەکەی قورستر بێت لە دابەزاندنی هەڵاوسان بۆ ئەو رێژەیە کە مەبەستیەتی و ئەوەش وادەکات ساڵی داهاتوو سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی لەسەر ئەوە بنیات بنرێت کە پەلە نەکات لە دابەزاندنی زیاتری سوودی بانکی.
دابەزاندنی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ