بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق: هەژماری من و تەوتین یەک پرۆسەن

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای راگیرانی تۆمارکردن لە پڕۆژەی (هەژماری من) لە پارێزگای سلێمانی، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق داوا دەکات پڕۆژەی بەبانکیکردنی مووچە دووربخرێتەوە لە "ململانێ"ی سیاسی و دەشڵێت، "هەژماری من و تەوتین یەک پرۆسەن."
 
مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک کە بەناوی (روونکردنەوە لەسەر 'هەژماری من' و تەوتین) ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، "هەژماری من و تەوتین یەک پرۆسەن و بەبانکیکردنی مووچەیە، لە کەرتی گشتی بێت یان کەرتی تایبەت؛ لە بانکە حکومییەکان یان بانکی تایبەت."
 
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بە دەستووری عێراق کردووە و دەڵێت، "بەگوێرەی مادەکانی 117 و 121ی دەستوور، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە بەڕێوەبردن و حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان، هیچ دامودەزگایەکی فیدراڵی ناتوانێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دانیشتووان یان مووچەخۆری هەرێمی کوردستان بکات."
 
مەسعود حەیدەر باسی لە بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەسەر مووچە کردووە و رایگەیاندووە، "دادگەی باڵای فیدراڵی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی دوورخستووەتەوە لە هەموو گرفتێک و، حکومەتی فیدراڵی پەیوەست کردووە بە خەرجکردنی وەکو هەموو دامودەزگاکانی دیکەی عێراق."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە زۆرینەی ئەو شوێنانەی فۆڕمی پڕۆژەی "هەژماری من"ی لێ پڕدەکرایەوە، ئێستا پڕۆسەکەی لێ راگیراوە.
 
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەیدا بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، "پێویستە هەندێک حزب و لایەن لە هەرێمـ[ـی کوردستان] ئەم بابەتە بەدووربگرن لە ململانێی سیاسی. پێدانی مووچە تەنیا لە رێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە دەبێت."
 
هەژماری من پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی پڕۆژەکە بۆ رووداو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 هەزار کەس تۆمار کراون، ئەم مانگە 153 هەزار کەسیان بە کارتی ئەلیکترۆنی مووچەی مانگی رابردوویان وەرگرت و ئەوانی دیکەش هێشتا کارتەکانیان نەگەڕێندراونەتەوە.
 
تاوەکو ئەمڕۆ 219 ئامێری راکێشانی پارە کە بە (ATM) ناسراون لە 71 شوێنی جیادا لە هەرێمی کوردستان دانراون.