قسەی ئێران لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل نرخی نەوتی سێ دۆلار دابەزاند

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ سێ دۆلار دابەزی، دوای ئەوەی ئێران هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر وڵاتەکەی بە بێ کاریگەر و زیانەکانیشی بە سنووردار ناوبرد.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ (دووشەممە، 28-10-2024) 3 دۆلار دابەزی و بە 72 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 3 دۆلار و 35 سەنت دابەزی و یەک بەرمیلی بە 68 دۆلار و 51 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەو پێیە، هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس لە کەمترین ئاستەکانی ئەم مانگە، مامەڵەیان پێوە دەکرێت.
 
نرخی نەوت هەفتەی رابردوو بەڕێژەی 4٪ بەرزببووەوە بەهۆی ناڕوونییەکانی پەیوەست بە چۆنییەتی هێرشی ئێسرائیل بۆ سەر ئێران، بەڵام هێرشەکەی رۆژی شەممەی ئیسرائیل، دامەزراوە نەوتی و ئەتۆمییەکانی نەکردە ئامانج، بەو پێیەش شارەزایانی وزە پێیانوایە مەترسی پچڕانی گواستنەوەی نەوت بەهۆی پێکدادانی زیاتری نێوان ئیسرائیل و ئێران، لە بازاڕی نەوتدا نەماوە.
 
ساول کاڤۆنیج، شرۆڤەکاری وزە کە سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئێم ئێس تی مارکیوە لە سیدنی، لەو بارەیەوە رایگەیاند "سنوورداربوونی بازنەی هێرشەکانی ئیسرائیل، هیوای دروستکردووە کە لە داهاتوودا گرژییەکان بەرەو خاوبوونەوە بڕۆن و، مەترسییە جیۆسیاسییەکان لە بازاڕی نەوتدا کەم ببنەوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە بازاڕی نەوت ئێستا چاوەڕێیە؛ بزانێت ئایا ئێران مەبەستی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێسرائیلی هەیە یان نا. ئەمەش لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێران هێرشەکانی ئیسرائیلیان بە گەورە نیشان نەداوە و دەڵێن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە، توانیویێتی بەرپەرچی هێرشەکان بداتەوە.