FIB خزمەتگوزاریی گواستنەوەی ڤیزا دایرێکتی راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ یەکەمین بانکی دیجیتاڵیی FIB بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای نێودەوڵەتیی ڤیزا، لە بەغدا کۆنفرانسی راگەیاندنی ڤیزا دایرێکتی سازکرد، بە گوتەی بەڕێوەبەرانی FIB، ڤیزا دایرێکت خزمەتگوزاریی گواستنەوەی راستەوخۆی پارەیە بۆ هاوبەشانی ئەو بانکە لە عێراق.
 
یەکەمجارە خزمەتگوزاریی ڤیزا دایرێکت لە عێراق دەستبەکار دەبێت کە بە شێوەی دیجیتاڵی و لە رێگەی ئەپێکەوە کاری پێدەکرێت. کاوە عەبدوڵڵا رێکانی، دامەزرێنەری FIB  بە رووداوی راگەیاند؛ "لەوباوەڕەداین خزمەتگوزارییەکە گەشە بە دەستڕاگەیشتن بە پارە و گواستنەوەی ئاسانتر لە بازاڕ بدات".
 
بەڕێوەبەرانی بانکی FIB رایانگەیاندووە کە هەر هاوبەشێکیان دەتوانێت مانگانە 13 ملیۆن دینار بە نرخی بانکی ناوەندی حەواڵە بکات و لەبارەی ساختەکاری و خراپ بەکارهێنانی ئەو حەواڵەیە لەلایەن هاوبەشانی ئەم بانکەشەوە دەڵێن؛ "هەموو بەشداربووەکانمان دەناسین و دەرفەتی ساختەکاریی زۆر کەمە".
 
ماریۆ مەکاری، بەڕێوەبەری گرووپی ڤیزا لە وڵاتانی عەرەبی لەبارەی خزمەتگوزاری ڤیزا دایرێکت کە ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا لە بەغدا بە هاوبەشی لەگەڵ FIB خستییانەکار، گوتی؛ "ئێمە پەرۆشین بۆ باشترکردنی چارەسەری گواستنەوەی پارە و جووڵەی نێودەوڵەتی پارە  لە بازاڕەکانی عێراق. هاوئاهەنگی لەو بوارە دۆخێکی باشتر بۆ هاوبەشان دروست دەکات لە گواستنەوەی پارە، لەرێگەی بانکێکی دیجیتاڵییەوە.
 
کاردۆ کەمال، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی  FIB میوانی بوولتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە محەممەد شێخ فاتح پێشکێشیکرد و رایگەیاند؛ "ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر ئەو بەرنامە نوێیە دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین نوێترین خزمەتگوزاری پێشکێش بە هاوبەشانمان بکەین".
 
کاردۆ کەمال دەڵیت؛ " FIB لە عێراق پێشەنگ بوو لە وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیای داراییەوە و ژێرخانێکی دارایی بەهێزی لە سەتاسەری عێراقدا دروستکرد لە بوارەکانی گواستنەوەی پارە و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە هاوبەشانی، دوایین خزمەتگوزاریش کە پێشکێشی کردووە ڤیزا دایرێکتە".
 
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی FIB باسی لەوە کرد کە ئەوان شەش ملیار ڤیزا دایرێکتیان لە سەرتاسەری جیهان بەیەکەوە بەستووەتەوە کە لە 180 وڵاتی جیهاندا مامەڵەی پێ دەکرێت کە زیاتر لە 160 دراوی جیهان تێیدا ئاڵوگۆڕ دەکرێن کە هەمووی بە شێوەی ئۆنلاین دەکرێن.
 
لەکاتی حەواڵەکردنی پارە بۆ دەرەوەی عێراق بەپێی بۆرسە نرخی دراوی ئەو وڵاتەی کە تۆ پارەی بۆ حەواڵە دەکەیت دیاریدەکات بەرامبەر دینار و راستەوخۆ دینارەکەی بۆ دەگۆڕێتەوە بۆ سەر ئەو دراوە و دەیخاتە سەر هەژماری ئەو کەسەی پارەکە وەردەگرێت.
 
بە گوتەی کاردۆ کەمال، حەواڵەکردنی پارە لە رێگەی خزمەتگوزاری ڤیزا دایرێکت پێویستی بەوە نابێت وەکو پێشوو، کەسەکە بچێتە بانک و پارەکە حەواڵە بکات و وەرگری پارەکەش دەبوایە لەو کاتەدا لە بانکەکە بوایە کە پارەکەی بۆ دەنێردرێت، ئێستا تەنیا لە رێگەی ئەپێکەوە لە ماڵەکەی خۆت دەتوانی بە کلیکێک ئەم کارە بکەیت و ئەوپەڕی بە نیو کاژێر پرۆسەی حەواڵەکردنەکە تەواودەبێت".
 
 
هەموو هاوبەشێکی FIB دەتوانێت رۆژانە پێنج ملیۆن دینار و لە مانگێکدا 13 ملیۆن دینار حەواڵە بکات کە لەکاتی گۆڕینی دراوەکە بە نرخی بانکی ناوەندی بۆی هەژمار دەکرێت، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی FIB دەڵێت، هەموو هاوبەشەکانمان دەتوانن لەو خزمەتگوزارییە سوود وەربگرن بەو مەرجەی سەرچاوەی داهاتی خۆیان و ناسنامەی ئەو کەسەش دیاربێت کە لە چ وڵاتێکەوە ئەو پارەیە وەردەگرێت".
 
خزمەتگوزاری ڤیزا دایرێکت لە بانکی FIB لە رێگەی ئەپێکەوە هەر لەنێو مۆبایلی هاوبەشەکانی ئەو بانکەوە پێشکێشدەکرێت، وەکو کاردۆ کەمال ئاماژەی پێدەدات؛ "سێ بنەمای سەرەکی هەن کە ئێمە کاریان لەسەر دەکەین، ئەوانیش بریتین لە؛ ئاسانکاری بۆ بەکارهێنەر، خێرایی و هاوکات بەردەوام نوێگەری لە ئەپەکانماندا".