داوای قەربووكردنەوەی زەرەرمەندانی دراوی 25 دیناری دەكرێت

28-10-2014
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن 25 دیناری سویسری
A+ A-

رووداو- هەولێر

داوای قەرەبوونكردنەوەی ئەو هاونیشتمانییانە دەكرێت كە لە ئەنجامی رەتكردنەوەی دراوی 25 دیناری زیانیان بەركەوتووە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت نزیكەی 22 ملیۆن دینار لەو جۆرە دراوە لە هەرێمی كوردستان هەیە.

د. عزەت سابیر، سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" رۆژی سێشەممە 28ی تشرینی یەكەمی 2014، نووسراوێكمان ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی ئاراستەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقى بكات، بە مەبەستی قەرەبووكردنەوەی هاونیشتمانییانی هەرێمی كوردستان كە بە هۆی رەتكردنەوەی دراوی (25 دیناری چاپی سویسری) زیانیان بەركەتووە".

عزەت سابیر گوتی:" ئەركی دەوڵەتی عێراقە لە خەرجی سەروەری قەرەبووی هاووڵاتیانی خۆی بكاتەوە، هەروەكو چۆن ئێستا ساڵانە قەرەبووی جەنگی كوەیت لەو خەرجییە دەكاتەوە، چونكە دراوی عێراقی واژۆی پارێزگاری بانكی ناوەندی لە سەرە، كاتێكیش ئەو دراوەی رەتكردەوە دەبووایە پابەندبووایە بە قەرەبووكردنەوەی خەڵكی كوردستان، بەڵام ساڵی 1991 لە بەر بارودۆخی سیاسی و دەرپەڕاندنی رژێمی بەعس لە هەرێمی كوردستان، حكومەتی سەدام وەكو سزایەك ئەو زیانەی بە خەڵكی كوردستان گەیاند".

سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەدا ئێستا دەوڵەتی عێراقی دەتوانێ‌ ئەو پارەیە لە هاووڵاتیانی خۆی لە هەموو عێراق بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان وەربگرێت و بە پارەی ئێستا قەربوویان بكاتەوە، دەشڵێت‌:" ئێستا نزیكەی22 ملیۆن دینار چاپی سویسڕی لە كوردستان هەیە و هاووڵاتیان بە ئومێدی قەرەبووكردنەوەیان هەڵیانگرتووە و  چاوەڕێی‌ بڕیارێكن، داواشمانكردووە لە پرۆژەبودجەی ساڵی 2015 ی عێراق پارەیەك بۆ ئەو قەرەبووكردنەوەیە تەرخانبكرێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە