نرخی دینار و تمەن دوای هەواڵی کوژرانی نەسروڵڵا بزانە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهای دینار و تمەن دابەزی. ئەمڕۆ 100 دۆلار نزیکبووەوە لە 152 هەزار دینار و شەش ملیۆن تمەنیشی تێپەڕاند.
 
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە شاری سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، "100 دۆلار بە 151 هەزار و 900 دینارە."
 
دوێنێ لەکاتی داخستنی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا 100 دۆلار بە 151 هەزار و 250 دینار بوو.
 
رەوەز میرزا گوتی، ئەمڕۆ بەهای تمەنیش دابەزیوە و 100 دۆلار بە 6 ملیۆن و 100 هەزار تمەنی ئێرانە.
 
ئەو ئاڵوگۆڕکارەی دراو گوتی، "هۆکاری سەرەکی دابەزینی دینار و تمەن هەواڵی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان و پیشاندنی نەخشەی عێراق و ئێرانە بە رەشی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە."
 
دوێنێ ئیسرائیل چەند هێرشیکی کردەسەر حیزبوڵڵای لوبنان و ئەمڕۆ رایگەیاند، حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکەی کوشتووە.