وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بۆ رووداو: لە پەیوەندیداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ  

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و لەگەڵ لایەنەکان لەگفتوگۆدان.
 
رۆژی چوارشەممە، 28ـی ئابی 2024، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە پەیوەندیداین لەگەڵ هەموو ئەوانەی بەشیان هەیە و، هاوکارییان دەکەین بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن."
 
هەناردەی نەوتی کوردستان لە 25-03-2023ـەوە بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس راگیراوە. 
 
گفتوگۆکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکان و بەغدا بەردەوامن. رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) بە رووداوی گوت "کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق ئەرێنی و بەرهەمدار بووە، بەڵام پێویستە لە رۆژان و هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەی زیاتر بکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکە".
 
 رۆژێک دواتر، سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ رووداو رەتیکردەوە پێشڤەچوون لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کورستان بەدیهاتبێت.
 
کێشەی سەرەکیی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تێچووی بەرهەمهێنانە. هەولێر دەڵێت، تێچووی هەر بەرمیلێک نەوت 21 دۆلارە، بەڵام بەغدا دەڵێت، پێویستە شەش دۆلار بێت. 
 
8 کۆمپانیای ئەندام لە رێکخراوی ئەپیکور ئێستا رۆژانە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن، کە لە بازاڕی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان دەدرێتە پاڵاوگە نەوتییەکان.
 
پێش ئەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بە بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس رابگیرێت، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەرکرا. ئەوەش 0.5٪ـی هەناردەی نەوتی جیهانی پێکدەهێنا.
 
 
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ماریا زاخارۆڤا
 
رووداو: نیاز مستەفام لە تۆڕی میدیایی رووداوەوە لەگەڵتانم. پێشتر چەند کۆمپانیایەکی نەوتیی رووسی لە هەرێمی کوردستان کاریان دەکرد، بەڵام لە 25ی ئاداری 2023ـوە بە بڕیارێکی دادگەی ناوبژیوانی پاریس هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیراوە. پرسیارەکەم ئەوەیە: زیانی کۆمپانیا نەوتییە رووسییەکان لەو کاتەوە چەند بووە و هەڵوێستی رووسیا سەبارەت بەو بابەتە چییە و پلانتان چییە؟ 
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا: سەبارەت بە بەشی یەکەمی پرسیارەکەت، بە گشتی هیچ قسەیەک لەسەر ئەو بابەتانە ناکەین کە پەیوەندیی بە رێککەوتنی دارایی نێوان کۆمپانیاکان و حکومەتەکان هەیە. ئەمە پرسیارێکە پەیوەندیی بە نهێنی بازرگانییەوە هەیە. ئەگەر زانیاریی وردت دەوێت، دەتوانیت ئەو پرسیارە ئاڕاستەی رۆسنەفت بکەیت و دەتوانم پرسیارەکەتیان بۆ بنێرم، پێموایە دەتوانن وەڵامت بدەنەوە. سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت، لە پەیوەندیداین لەگەڵ هەموو ئەوانەی بەشیان هەیە و هاوکارییان دەکەین بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن. زۆر سوپاس.