دیوانى چاودێریى دارایی عێراق: لە دوو مانگدا پارەى مووچەى مەدەنیى هەرێمى کوردستان 25 ملیار دینار زیاد بووە

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەى راپۆرتێکى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق، لە دوو مانگدا مووچەى مەدەنیى هەرێمى کوردستان، 25 ملیار زیادی کردووە و مووچەى هێزە ئەمنییەکانیش زیاتر لە 14 ملیار کەمیکردووە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە پێنج هەزار مووچەوەرگر لە هەردوو کەرتەکە، زیاد بوون.
 
لە راپۆرتێکى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق خشتەیەکى بەراوردەکاری لەنێوان پارە و ژمارەى مووچەوەرگرانى هەردوو مانگى نیسان و ئایار کراوە، لە نێوان ئەو دوو مانگەدا، جیاوازیی زیادەى مووچەى فەرمانبەرانى مەدەنى 25 ملیار و 375 ملیۆن و 318 هەزار و 65 دینار بووە.
 
لەو ماوەیەدا وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، جیاوازیی ژمارەى مووچەوەرگرانى مەدەنی 4848 کەس بووە، 4286ـیان خانەنشینى مەدەنى و 890ـشیان خانەشینى سەربازیى بوون کە زیادیان کردووە. 
 
بەگوێرەى خشتەکە؛ لەنێوان مانگەکانى نیسان و ئایار، پارەى مووچەوەرگرانى ئەمنى و سەربازی کەمیکردووە، بەپێچەوانەى مووچەخۆرانى مەدەنى کە زیادیکردووە. 
 
کەمبوونەوەى مووچەى کەرتى ئەمنى و سەربازی گەیشتووەتە 14 مليار و 864 مليۆن و 362 هەزار و 802  دينار، لە کاتێکدا ژمارەى ئەو مووچەوەرگرانەى لەو کەرتەدان 413 کەسى زیاد کردووە. 
 
لە خشتەکەدا بەکۆى گشتى، 5261 مووچەوەرگر زیادیان کردووە، بڕى جیاوازیى پارەکەش بە هەردوو مووچەوەرگرانی مەدەنى و سەربازییەوە گەیشتووەتە 10 ملیار و 510 ملیۆن و 969 هەزار و 63 دینار. 
 
راسپاردەى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق ئەوە بووە کە پەیوەندى بە یەکەى خەرجکردن لە وەزارەتى دارایی و ئابووریی حکومەتى هەرێمى کردستان بکرێت بۆ ئەوەى هۆکارى ئەو جیاوازییانە بزانن و، رێکارى پێویست لەو بارەیەوە بگیرێتەبەر.  
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بەشێک لەو جیاوازییە پەیوەندى بەوەوە هەیە کەسانێک لە لیستى مووچەى ئەمنى و سەربازی بوون و خانەشنین کراون، مووچەکانیان چووەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی خانەشینى کە لەسەر لیستى مووچەى مەدەنییەوە و  ژمارەکە زیاتر دەکات.
 
بە گوێرەى یاساى بودجەى گشتیى عێراق، دیوانى چاودێریى دارایی و فیدراڵ بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێریى دارایی هەرێمى کوردستان وردبینى لە داهات و خەرجى دەکات و، راپۆرت بۆ لایەنە پەیوەندارەکان بەرزدەکاتەوە وەک هەنگاوێک بۆ ناردنى پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان.