رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بەغدا مووچەی هەردوو مانگی تەممووز و ئابی هێزە ئەمنییەکانی نارد.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی 28-08-2024 بە رووداوی گوت: "مووچەی مانگەکانی تەمموز و ئابی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان."
رۆژی 26-08-2024 سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "سوودانی رەزامەندی دا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی لیستی مووچە؛ هەروەها بڕیاری دا بەخەرجکردنی مووچەکانی مانگی 7 و 8ی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان".
لە هەمان رۆژدا شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان کرد و بڕیاریدا "بە خەرجکردنی مووچەی دەزگە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ مانگی 7 و هەفتەی داهاتووش مانگی 8 خەرج بکرێت".
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 21ـی تەممووزی 2024ـەوە لیستی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی عێراق کردووە.
مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە.
هاوکات دوو رۆژە شاندێکی تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتووە لە بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە بەغدان بۆ چارەسەری کێشەی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ کۆبوونەوە و لەدوای کۆبوونەوەکە پەیامنێری رووداو گوتی: "لەسەر مووچەی مانگی 7 نەگەیشتنە ئەنجام."
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو کەوتوون، وەزارەتی دارایی عێراق بە شاندی هەرێمی کوردستانی گوتووە هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ مووچەی مانگی 7 خەرج ناکەن، جگە لەو 36 ملیار دینارەی پێشتر خەرج کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ