رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، خەمڵاندنی نرخی زەویی سندووقی لە 30% كراوەتە 10% و تاپۆش دەكرێن و رێگەپێدانی خانووكردنیان پێدەدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28-08-2023 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر رێگەپێدان بە کردنەوەی زەویی سندووقی یاخود نۆژنکردنەوەی خانووی کۆنی سندووقی، گوتی "خەمڵاندنی نرخی زەویی سندووقی لە 30% كراوەتە 10% و تاپۆش دەكرێن و رێگەپێدانی خانووكردنیان پێ دەدرێت."
زەویی سندووقی، ئەو زەوییانەن کە چەپ و راستیان بەشێوەی زێدەڕۆ کراون بە خانوو، بەڵام تائێستا رێگە نەدراوە ئەوان بکرێنە خانوو، پێشتر بۆ کردنەوەی ئەو زەوییانە، خاوەن زەوییەکە دەبوو 30٪ـی نرخی زەوییەکە بدات، بەڵام ئێستا بۆ 10٪ کەمکراوەتەوە.
ئومێد خۆشناو دەڵێت، "پێشتر ئەو رێنوێنییانەی كە بۆ زەویی سندووقی دەركرابوون تێبینییان لەسەربوو، بەهۆی ئەوەی داواكارییەكی زۆری خەڵك هەبوو بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە رسووماتدا بكرێت، چونكە ئەوكات خەمڵاندنی تاپۆكردنیان بە 30%ی نرخی رۆژ بوو، لەو شوێنانەی كە زەوییەكانیان لێییە. لە ماوەی رابردوودا، ئێمە چەند كۆبوونەوەیەكمان كرد و داواكارییەكانی هاووڵاتییان كۆ كرانەوە و تاوتوێكران و كرانە كۆنووسێك و پەسند كرا."
پارێزگاری هەولێر گوتیشی، "كۆنووسەكەمان بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نارد، ئەویش لەپێناو كارئاسانی و هاوكاریی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت، لە زەویی سندووقی و فراوانكردنی حەرەمی گوند، بەپێی پێویست و نۆژەنكرنەوەی ئەو خانووانەی كە لە شوێنەكانی دیكە كراون، رەزامەندیی لەسەر كۆنووسەكە داوە و لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوە بە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان دەكرێت و رێنوێنیی تازە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان دەردەكرێت."
لەبارەی نۆژەنکردنەوەی خانووە کۆنەکانیش گوتی "بەپێی بڕیارەكان، دەست دەكرێت بە رێگەپێدانی نۆژەنكردنەوەی خانووەكان لە كۆمەڵگەكان و شوێنەكانی دیكە، ئەو خانووانە پێشتر لەو شوێنانە دروستكراون و رێگەیان پێنەدەدراوە نۆژەن بكرێنەوە، ئێستا رێگەپێدانی نۆژەنككرنەوە دەدرێت."
بەپێی یاسای ژمارە 7ـی ساڵی 2021ە، کە یاسای بە خاوەنکردنی زەوییە زێدەڕۆییەکانە، بڕە پارەیەک دیاریکراوە کە لە بەرامبەریدا زەوییەکان بە خاوەنەکانیان دەفرۆشرێت، ئەویش 30%ـە، واتە رسوماتێک هەیە بەو رێژەیە رسوماتەکە تەواو دەکات و پارەکە بە حکومەت دەدات و ئەوکات رێگەپێدانی پێ دەدرێت، بەڵام بە بڕیاری سەرۆکوەزیران، بۆ 10٪ کەمکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ