هەناردەی نەوتی عێراق کەمیکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، مانگی رابردوو زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو بڕەی هەناردەی ئوردن کراوە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل بووە.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەپێی ئاماری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە مانگی حوزەیراندا 102 ملیۆن و 314 هەزار و 548 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە". 
 
102 ملیۆن و 11 هەزار و 928 بەرمیل نەوتی لە کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە بووە.
 
302 هەزار و 620 بەرمیلیش رەوانەی ئوردن کراوە کە لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بووە. 
 
مانگی رابردوو، عێراق بڕی یەک ملیۆن و 815 هەزار بەرمیل نەوت کەمتری لە مانگی پێش خۆی هەناردە کردووە.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق چەند مانگێکە ئاماری هەناردەکردنی نەوت بێ راگەیاندنی داهات بڵاودەکاتەوە.