هۆکاری راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە کۆنترین کێڵگەی نەوتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

دوێنێ کاژێر 01:50
رێناس ساڵح
دیمەنێکی کێڵگەی نەوتیی چیاسورخ لە ئاسمانەوە کە 28-7-2024 گیراوە. وێنە: محەممەد مەجید - رووداو
دیمەنێکی کێڵگەی نەوتیی چیاسورخ لە ئاسمانەوە کە 28-7-2024 گیراوە. وێنە: محەممەد مەجید - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای 122 ساڵ لە خزمەتکردنی کەرتی نەوتیی کوردستان، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی چیاسورخ لە گەرمیان راگیرا کە یەکێکە لە کۆنترین کێڵگە نەوتییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
کێڵگەکە دەکەوێتە ناحیەی قۆرەتووەوە لە گەرمیان، بەڕێوەبەری ناحیەکە بە رووداوی راگەیاند، کۆمپانیاکە پێی گوتوون "بە تەواوی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە رادەگرێت، بەهۆی ئەوەی بیرە نەوتەکانی کێڵگەکە ئاویان تێكەڵ بووە." هەروەها کێشەی دارایی کۆمپانیای پێت ئۆیڵ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکارێکی دیکەی راگرتنەکەیە. 
 
یەکەم بیرە نەوت لە چیاسورخ ساڵی 1902 هەڵکەندراوە و لە کاتی داخستنیشیدا 12 بیری نەوت لە کێڵگەکەدا هەبوون، بەڵام لە رووی دۆزینەوەی نەوتەوە، لە مەسجد سولەیمانی ئێران دۆزراوەتەوە و یەکەم کێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوت لەوێیە. 
 
سەردار محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو ئەوەشی گوت، نزیکەی 100 کرێکار بەردەوام لە کێڵگەکە کاریان دەکرد، کۆمپانیاکە پێی راگەیاندوون لەم هەفتەیەدا کێڵگەکە بەتەواوی جێدەهێڵن و رادەستیانی دەکەنەوە. 
 
کۆمپانیایەکی تورکی بە ناوی پێت ئۆیڵ لە ساڵی 2003ـەوە لە کێڵگەکە کاری دەکرد. هەریەکە لە کۆمپانیای پێت ئۆیڵ (40٪)، گەنه‌ڵ ئینێرجى (40٪) و، حكومه‌تى هه‌رێمی کوردستان (20٪) پشکی کێڵگەکەیان هەبوو.
 
لەو کێڵگەیە پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوت رۆژانە بە تێکڕا دوو هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرا.
 
چیاسورخ دێرینترین کێڵگەی نەوتییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە ساڵی 1901 لەنێوان ولیەم نۆکس دارسی کە ملیۆنێرێکی بەریتانی بووە و پێشەنگ بووە لە بواری گەڕان بەدوای نەوتدا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها شا موزەفەرەدین، شای قاجارەکان گرێبەستێک لە بواری نەوتدا واژۆکرا و کارەکانی کردنەوەی کێڵگەکە دەستیپێکرد.
 
لە ساڵی 1909دا کۆمپانیای ئەنگلۆ پێرژیەن گرێبەستی کارکردنی لە کێڵگەکە وەرگرت، ئەو کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی هاوبەشی بەریتانی - ئێرانی بوو کە تایبەت بوو بە کەرتی نەوتی ئێران. ئێستا ناوی کۆمپانیاکە گۆڕاوە بۆ British Petroleum - BP.
 
دارسی و تیمەکەی رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بوونەوە، چونکە هەڵکەوتەی جوگرافیی کێڵگەی چیاسورخ لە دەڤەرێکی دژواردایە، هەروەها ململانێی نێوان خێڵەکان زۆر سەخت و ئاڵۆز بووە، سەرەڕای ئەوەش رێگەی گواستنەوەی زۆر کەم بوو و نزیکەی 500 کیلۆمەتر لە کەنداوی فارسەوە دوور بوو.
 
بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان، خەڵکی ناوچەکە، ئەوانەی نزیک بوون لە کێڵگەکەوە نەیاری خۆرئاوا بوون، ئەوە سەرباری ئەوەی گواستنەوەی کەرەستەکان بۆ کێڵگەکە سەخت بووە، دەبوو بە هێستر یان بە کرێکار بگوازرێنەوە.
 
لە کانوونی دووەمی 1904دا نەوت لە بیری ژمارە دوو دۆزرایەوە کە توانای بەرهەمهێنانی 120 بەرمیل نەوتی هەبوو لە رۆژێکدا، بەڵام لە مانگی ئایاری هەمان ساڵ دا بیرەکە وشکی کرد. لە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵیش، بە گرێبەستێکی نوێوە گەڕان بۆ نەوت دەستیپێکردەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە بەسرە.

هەناردەی نەوتی عێراق کەمیکردەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، مانگی رابردوو زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو بڕەی هەناردەی ئوردن کراوە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل بووە.