بەرمیلێک نەوت بە 84 دۆلار و ئۆنسەیەک زێڕ بە 1953 دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
لە دوایین رۆژی مامەڵەکانی هەفتەدا نرخی نەوت کەمێک بەرزبووەوە و لە بەرزترین ئاستی سێ مانگی رابردوو ماوەتەوە و نزیکە لەوەی بۆ پێنجەمین هەفتەی لەسەریەک بە بەربزوونەوە کۆتایی بە مامەڵەکان بهێنێت. هاوکات، نرخی زێڕیش نزیکەی 10 دۆلار بەرزبووەوە.
رۆژی هەینی، 28.7.2023 نرخی نەوتی برێنت 29 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 84.20 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 55 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 80.14 بەرمیل مامەڵەی پێوەدەکرێت.
تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی هەفتانە، نرخی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساس 3.6٪ بەرزبوونەتەوە.
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت؛ ئامارە ئابوورییە ئەرێنییەکانی ئەمریکا، گەشبینی بە بووژانەوەی خواستی چین و کەمبوونەوەی خستنەڕوون بەهۆی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی ئۆپێک پڵەسەوە.
رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا ئابووریی وڵاتەکە 2.4٪ گەشەی کردووە.
یون رۆنگ یێپ، ستراتیژیناسی بازاڕ لە کۆمپانیای IG دەڵێت، "ژمارەکانی ئەمدواییەی گەشەی ئابووریی چارەکی دووەم و ئامارە ئابوورییەکان هیواکانیان زیادکردووە و ئاسۆیەکی زۆر روونتریان لەبارەی خواست لەسەر نەوت دروستکردووە".
هاوکات، ئەگەری رێکاری زیاتری پشتیوانیی لە لایەن حکومەتی چین، بەتایبەتی لە کەرتی خانووبەرە و گەشبینی بە بووژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە و زیادبوونی خواست لەسەر نەوت، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکان بوون.
بازاڕەکانی نەوت چاوەڕوانی کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی چاودێریی بازاڕی ئەندامانی ئۆپێک پڵەسن کە بڕیارە رۆژی 4ـی مانگی داهاتوو لەبارەی بەردەوامیی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت رێکبخرێت.
بادێن مور، سەرۆکی بەشی کاڵاکان لە بانکی نیشتمانیی ئوسترالیا دەڵێت، "هێشتا پێشبینی دەکەین لە چارەکی سێیەمی 2023ـدا نرخی نەوت بەرزببێتەوە، بەڵام پێمانوایە پێویست بکات نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە سەرووی 90 دۆلار بمێنێتەوە بۆ ئەوەی سعودیە و وڵاتانی دیکەی ئۆپێک بتوانن سیاسەتەکانیان شل بکەنەوە".
لە لایەکی دیکەوە، زیادکردنەکانی ئەمدواییەی سوودی بانکی لە لایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهانەوە بۆ دابەزاندنی هەڵاوسان، پرسیاری لەبارەی خواستی درێژخایەن لەسەر نەوت دروستکردووە.
رۆژی چوارشەممە، بانکی ناوەندی ئەمریکا و بانکی ناوەندیی ئەوروپا سوودی بانکییان بە رێژەی 0.25٪ زیادکرد.
یون رۆنگ یێپ دەڵێت، "وا پێدەچێت نرخەکانی نەوت رووبەڕووی هەندێ گوشار ببنەوە بەهۆی ئەو ژینگە فراوانە پڕ مەترسییەی هەیە".
ئۆنسەیەک زێڕ بە 1953 دۆلارە
هاوشێوەی نەوت، نرخی زێڕیش لە دوایین رۆژی مامەڵەکاندا کەمێک بەرزبووەوە، بەڵام نزیکە لەوەی لەسەر ئاستی هەفتانەدا بە دابەزین کۆتایی بە مامەڵەکان بهێنێت.
رۆژی هەینی، نرخەکانی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ مامەڵە هەنووکەییەکان بە بڕی نۆ دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 1954 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. بۆ مامەڵەکانی ئایندەش هەشت دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 1953 دۆلار.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە نرخی زێڕ نزیکەی 30 دۆلار دابەزی و گەیشتە 1942 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. هۆکاری سەرەکییش گەشەی ئابووریی ئەمریکا بوو لە چارەکی دووەمدا بە رێژەی 2.4٪، ئەوەش بەهای پێنوێنی دۆلاری بەرزکردەوە.
گەشەی زیاد لە ئاستی پێشبینییەکان لە ئابووریی ئەمریکا بازرگانانی نیگەران کردووە لەوەی هانی بانکی ناوەندیی وڵاتەکە بدات بەردەوام بێت لە زیادکردنی سوودی بانکی. بەتایبەتی کە چوارشەممەی رابردوو سوودی بانکیی 0.25٪ زیادکرد و رایگەیاند، ئەگەر هەیە لە کۆبوونەوەکانی دیکەی ئەمساڵدا جارێکی دیکە رێژەکە زیادبکەن.