گومرگی ئێران: لە دوو مانگدا 4.6 تۆن زێڕ هاوردە کراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی گومرگی ئێران رایگەیاند، لە دوو مانگی رابردوودا ئێران بایی 330 ملیۆن دۆلار زێڕی هاوردە کردووە و زیاتر لە 91%ی زێڕەکەش لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تارانەوە هاوردە کراوە.
 
ئاژانسی فەرمیی ئێران لەسەر زاری دەستەی گومرگی ئێرانی بڵاوی کردەوە، ئێران لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا 4.6 تۆن زێڕی هاوردە کردووە، کە بە بەهای 330 ملیۆن دۆلار بووە.
 
هەر بەپێی گومرگی ئێرانی، زۆرینەی زێڕەکە لە رێگەی فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی بووە لە تاران بە رێژەی 91% و بڕەکەی دیکە لە رێگەی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکانی دیکەوە بووە، بەبێ ئەوەی ئاماژەیان پێبکات.
 
گومرگی ئێران دەڵێت، بەراورد بە پار، هاوردەکردنی زێڕ بە رێژەی 3.8 هێندە زیادی کردووە. دەشڵێت، پار لە هەمان ماوەدا 1.2 تۆن زێڕ بە بەهای زیاتر لە 79 ملیۆن دۆلار هاوردە کرابوو.
 
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی ئێران گشتاندنێکی دەرکردووە بۆ هەموو خاڵە گومرگییەکان، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی ناردووە؛ تێدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم ساڵیش باج لەسەر هاوردەکردنی زێڕ هەڵگیراوە.
 
لە ساڵی 2022دا، حکومەتی ئێران بڕیاری دا ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی زێڕ بۆ سەرانسەری ئێران بکات.
 
پار، ئێران نزیکەی 30 تۆن زێڕی هاوردە کردبوو.
 
رۆژی 25ی ئاداری 2024، محەممەد رزوانیفەر، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ئێران رایگەیاند، ئێران لە ماوەی 12 ساڵێکدا بڕی 29 تۆن و 969 کیلۆگرام زێر بە بەهای ملیارێک و 936 ملیۆن دۆلار هاوردە کردووە، کە 3٪ی کۆی گشتیی هاوردەی وڵاتەکە دەکات.