بودجەی مادەی 140 زیاد دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە خشتەی بودجەی عێراق کە لە حکومەتەوە رەوانەی پەرلەمان کراوە، بودجەی تەرخانکراو بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق زیادکراوە.
 
بەپێی خشتەی بودجەی گشتیی ساڵی 2024ـی عێراق کە لەلایەن حکومەتەوە رەوانەی پەرلەمان کراوە بۆ تاوتوێکردنی، بودجەی تەرخانکراو بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق بۆ ئەم ساڵ 228 ملیار و 750 ملیۆن دینارە.
 
بودجەی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور لە ساڵی رابردوودا 200 ملیار دینار بوو؛ بەو پێیە بودجەکە ئەم ساڵ 28 ملیار و 750 ملیۆن دیناری لە بودجەی ساڵی رابردوو زیاترە.
 
کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی مادەی 140، لەبارەی زیادکردنی بودجەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کێشەکە ئەوەیە ئەو پارەیەی بۆ جێبەجێکردنی مادەکە تەرخان دەکرێت بەگشتی کەمە، چونکە نزیکەی 400 هەزار کەس لە هەموو عێراق هەن کە دەبێت قەرەبوو بکرێنەوە".
 
کاکەڕەش سدیق گوتیشی: "ئەو بودجەیەی ساڵی رابردوو بۆ جێبەجێکردنی مادەکە تەرخانکرا، هەمووی خەرجکرا". 
 
بەپێی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی وڵاتەکە پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت.
 
ئەو مادەیە لە سێ قۆناخ پێکدێت: ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای 18 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی مادەکە جێبەجێ کراوە.