رووسیا: پێشبینی دەکەین داهاتی نەوت و غازمان 14 ملیار دۆلار زیادبکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دارایی رووسیا رایگەیاند، پێشبینی دەکەن داهاتی نەوت و غازی رووسیا لەمساڵدا 14 ملیار دۆلار زیادبکات.
 
ئەنتۆن سیلوانۆڤ، وەزیری دارایی رووسیا رایگەیاند، "بەپێی پێشبینییەک کە لەگەڵ وەزارەتی گەشەپێدانی ئابووری کردوومانە، پێشبینی دەکەین داهاتی نەوت و گازمان بە بڕی ترلیۆنێک رۆبڵ (14 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار) زیادبکات".
 
سیلوانۆڤ رایگەیاند، حکومەت پلانی وایە ئەمساڵ ئەو داهاتە زیادەیە خەرجبکات نەک پاشەکەوتی بکات. 
 
وەزیری دارایی رووسیا گوتیشی، پارەکە لە خەرجیی زیادە بۆ خانەنشینان و خێزان و منداڵی ئەو کەسانە بەکاردەهێندرێت کە خەریکی "ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت"ـن لە ئۆکراینا. 
 
لەدوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، وڵاتانی رۆژئاوا زنجیرەیەک سزای ئابوورییان بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا ئەمریکا و بەریتانیا قەدەخەی نەوتی رووسیایان راگەیاندووە. یەکێتیی ئەوروپا تاوەکو ئێستا ناکۆکە لەسەر قەدەخەی نەوت و گازی رووسیا.
 
پێشتر ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە قورسایی سزاکانی کەمکردەوە و رایگەیاند، "کردارە ئاژاوەگێڕێ"ـیەکانی ئەوروپا بووەتە هۆی زیادبوونی داهاتی نەوت و گازی رووسیا.
 
لە ساڵی رابردوودا تێچووی مانگانەی هەناردەی نەوت و گازی رووسیا بۆ یەکێتیی ئەوروپا 12 بۆ 13 ملیار دۆلار بوو، بەڵام ئێستا ئەو بڕە بۆ نزیکەی دوو هێندە زیادبووە و گەیشتە 23 ملیار دۆلار.