بانکی ناوەندی عێراق لق لە هەولێر و سلێمانی دەکاتەوە

28-05-2017
ئەلەند مەحوی
نیشانەکردن بانکی ناوەندی عێراق هەولێر سلێمانی
A+ A-

رووداو - هەولێر

بانکی ناوەندی عێراق دوای ساڵێک گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا سەرەتای مانگی داهاتوو لق لە هەولێر و پاشان لە سلێمانی بکاتەوە.

بانکی ناوەندی عێراق/ لقی هەولێر لە ئاگادارینامەیەکدا کە رۆژی دووشەممە 29-5-2017 لە هەفتەنامەی رووداو بڵاودەکرێتەوە، کۆمەڵێک هەلی کاری بۆ لقە نوێیەکەی لە هەولێر راگەیاندوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کردنەوەی لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق بە رووداوی راگەیاند "لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی دەبێت کە لقەکانی دیکەی بانکەکە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەیانە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، بانکی ناوەندی عێراق گۆڕانکاری جەوهەری لە بانکی ناوەندی هەرێم لە هەولێر دەکات و، سەرجەم بەشەکان بەپێی سیستەمی خۆی رێکدەخاتەوە و شتێک نامێنێت بەناوی بانکی ناوەندی هەرێم لە هەولێر.

بەڵام ئەو سەرچاوەیە بێئاگایی خۆی لە چارەنووسی لقی سلێمانی بانکی ناوەندی هەرێم راگەیاند. 

لەبەرامبەردا عەبدولڕەحمان ساڵح، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "دوای کردنەوەی لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، لقی سلێمانیش دەکرێتەوە، بۆیە رێوشوێنەکانی کردنەوەی لقی سلێمانی کەمێک دوادەکەون".

لە رابردوودا دوو لقی بانکی ناوەندی لە شارەکانی هەولێر و سلیمانی هەبوون، بەڵام بانکی ناوەندی عێراق وەک لقی خۆی مامەڵەی لەگەڵ نەدەکردن. ساڵی رابردووش بانکی ناوەندی عێراق بڕیاریدا لقی خۆی بەفەرمی لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە