وەزیری بازرگانی: لە کۆیە سایلۆیەک بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکرێتەوە

28-04-2023
پەیمان محەممەد
دروێنەی گەنم لە دەشتی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دروێنەی گەنم لە دەشتی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەنیازن سایلۆیەک لە قەزای کۆیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ناوچەکە دروستبکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، گەنمی جووتیاران بەراورد بە ساڵی رابردوو "زۆر زیاتر" دەبێت.

رۆژی هەینی، 28-04-2023، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە هەڵەبجە سەعدوون، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''بێگومان ئەمساڵ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر زیاتر دەبێت.''
 
لەبارەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران، کەمال موسلیم رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانی و لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق ترسیان لەوەیە گەنمی شوێنی دیکە تێکەڵ بە گەنمی هەرێمی کوردستان بکرێت و ''ئێمەش دڵنیاییمان پێداون کە رێگە نادەین هیچ گەنمێک [بۆ هەرێمی کوردستان] بێت.''
 
سەبارەت بەو بڕە گەنمەی ساڵی رابردوو لە جووتیاران وەرگیرا، وەزیری بارزگانیی هەرێمی کوردستان رۆژی 6-8-2022 ئاماژەی بەوەکرد، "311 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە. پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئەمساڵ زیاتر لە 50 رۆژی خایاند و بەراورد بە ساڵانی پێشوو کاتەکەی درێژتر بوو". بەگوتەی وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵیش سەرجەم گەنمی جووتیاران وەکو ساڵی رابردوو وەردەگیرێت.
 
تایبەت بە پێدانی پارەی گەنمی جووتیاران کە ساڵانی رابردوو کێشەی تێدا بوو، کەمال موسلیم گوتی، لە دوو هەفتە دوای رادەستکردنی گەنمەکە، پارەی جووتیار دەدرێت و پێدانی شایستە داراییەکانیان چی دیکە دوا ناکەوێت.
 
وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، هەموو ئامادەکارییەک بۆ وەرزی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کراوە و یەکێک لە کارئاسانییەکانیش بریتییە لە هەوڵی کردنەوەی سایلۆیەک لە قەزای کۆیە. 
 
ئەمڕۆ هەینی شاندێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و یەکێک لە مەبەستەکانیان لە سەردانەکە، پشکنینی شوێنێک لە قەزای کۆیە بوو کە لە داهاتوودا وەکو سایلۆ بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ناوچەکە بەکاردەهێندرێت. کەمال موسلیم پێیوایە کردنەوەی ئەم سایلۆیە کارئاسانییە بۆ جووتیاران و گوشاری سەر سایلۆی هەولێریش کەمدەکاتەوە.
 
وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، هەوڵدراوە جگە لە گەنم، بەرهەمی دیکەی جووتیارانیش وەربگیرێت، ''وەک گەنمەشامی کە لە ناوچەکانی عێراق بە نرخێکی باش لە جووتیاران وەردەگیرێت.''

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە