بەهای دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.
 
پێنوێنی دۆلار کە بەهای دۆلار بەرامبەر بە 6  دراوی یۆرۆ، فرانکی سویسری، یەنی ژاپۆنی، دۆلاری کەنەدی، پاوەندی بەریتانی و کرۆنی سوێدی دەپێوێت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 0.48٪ بەرزبووەوە بۆ 103.395 ئەگەر بەرزبوونەوەی ئەو پێنوێنە بەردەوام بێت بۆ کەمتر لە 103.28 ئەوا بەهای دۆلار بەرزدەبێتەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە 20 ساڵی رابردوودا.
 
سەبارەت بە بەهای دراوەکانی دیکە، بەهای یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار دابەزی بۆ 1.0553 و بەوپێیەش دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە 5 ساڵی رابردوودا.
 
جگە لە یۆرۆ بەهای یەنی ژاپۆنیش بە هەمان شێواز بەرامبەر بە دۆلار دابەزینی گەورەیان تۆمارکرد.
 
بەهای دۆلار بەرامبەر بە یۆرۆ بەتەنیا لە مانگی 4ـی ئەمساڵدا بە رێژەی 4.6٪ بەرزبووەتەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهای هەر یۆرۆیەک تەنانەت دابەزی بۆ 1.0515 دۆلار. ئەمە کەمترین ئاستی دابەزینی مانگانەی بەهای یۆرۆیە لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا. ئەگەر بەهای یۆرۆ دابەزێت بۆ ئاستی 103.44 ئەوا دەبێتە کەمترین ئاستی یۆرۆ لە دوای ساڵی 2017 وە. دابەزینی بۆ ئەو ئاستە بەهای یۆرۆ تەنانەت دادەبەزێنێت بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا.
 
یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی لەناکاوی بەهای یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار پچڕانی گازی رووسیایە لەسەر دوو وڵاتانی ئەوروپی پۆڵەندا و هەنگاریا و نیگەرانی لەوەی کە رووسیا بەردەوام بێت لە پچڕانی گازی وڵاتانی دیکەی ئەوروپی. ئەمە ئابووریی ئەوروپا رووبەڕووی کێشەی گەورەی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان دەکاتەوە و دەتوانێت سستی بکات.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە بانکی ناوەندیی ئەوروپا رایگەیاندووە لەبەر نادڵنیاییە ئابوورییەکانی پەیوەست بە شەڕی ئۆکراینا ناتوانێت رێژەی سوودی بانکی بەرزبکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی هەڵاوسان و بەرزکردنەوەی بەهای یۆرۆ.
 
بانکی ناوەندیی ئەوروپا رایگەیاندووە کە ئابووریی ئەوروپا وەک ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە کە بەخێرایی گەشەدەکات.
 
سوودی بانکی لە ئەوروپا هێشتا نزیکە لە سفر بەو هۆیەشەوە نەیتوانیوە پاڵپشتی بەهای یۆرۆ بکات.
 
بەپێچەوانەوە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە رۆژانی 4 و 5ی مانگی داهاتوو بڕیار لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەدات و بەپێی شرۆڤەکارانیش پێشبینی بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.50٪ واتا 50 خاڵ دەکەن. بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا پێشتر لە مانگی سێ بە رێژەی 0.25٪ بەرزکردبووەوە.
 
رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا لە مانگی 3ی ئەمساڵ بەرزبوونەوە بۆ 6.5٪ کە بەرزترین رێژەی هەڵاوسانە لە ئەمریکا لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا لەو وڵاتە.
 
بەپێی ئابووریناسان باشبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا پاڵپشتییەکی تەواو بۆ بانکی ناوەندیی ئەمریکا دروستدەکات بەبێ ترس رێژەی سوودی بانکی لە کۆبوونەوەی مانگی داهاتوویدا بەرزبکاتەوە.
 
لە روانگەی ئابوورییەوە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی ئەو کاتە لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە وەک سیاسەتی نەختی دەگیردرێتە بەر کە بانکەکان مەبەستیان بێت کێشەی زۆری نەختینە لە بازاڕ چارەسەربکەن و بەو شێوازەش رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری رێژەی هەڵاوسان بکە.
 
لە کاتی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا بانکی ناوەندی و حکومەتی ئەمریکا چەندین تریلیۆن دۆلار هاندانی ئابوورییان پێشکەش بە کۆمپانیا و هاووڵاتییانی خۆیان کرد. ئەو پارە زۆرە بووە هۆکاری زۆربوونی نەختینە و بەرزبوونەوەی نرخەکان.