100 دۆلار بۆ کەمتر لە 147 هەزار دینار دابەزی

رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار زیاتر بەرزبووەوە و 100 دۆلار بۆ خوار 147 هەزار دینار دابەزی.
 
ئەمڕۆ، پێنجشەممە، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت، لەکاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 146 هەزار و 800 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا لە هەولێر، 100 دۆلار بە 147 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا.
 
وەک حاجی سابیر دەڵێت، لە مامەڵەکانی سەرەتای ئەمڕۆدا، نرخی 100 دۆلار تاوەکو ئاستی 146 هەزار و 400 دیناریش دابەزیبوو.
 
بەڵام دواتر، وەک ئەندامەکەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر دەڵێت، کەمیی فرۆشی دۆلاری کاش لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، بەرزبوونەوەی نرخی دیناری سنووردار کرد.
 
هاوکات لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش، 100 دۆلار لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا بە 146 هەزار و 900 دینار و لەکاتی داخستنیشدا بە 146 هەزار و 600 دینار بووە.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 251 ملیۆن و 724 هەزار و 231 دۆلاری خستەڕوو؛ لەو بڕە، 6 ملیۆن و 530 هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش و 245 ملیۆن و 194 هەزار و 231 دۆلاریشی بە حەواڵە بووە.
 
رۆژی یەکشەممە 23-4-2024، دوای نزیکەی 10 مانگ، بەهای 100 دۆلار بۆ کەمتر لە 149 هەزار دینار دابەزی.
 
رۆژی دووشەممە، 25-3-2024 عەمار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بلوومبێرگ رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2023ـدا رۆژانە کەمتر لە 50 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەکرا، بەڵام ئێستا رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەکرێت.
 
بەگوتەی عەمار خەڵەف، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئێستا رێژەی حەواڵەی دەرەکی 300٪ زیادبووە.
 
هەروەها سەفوان قوسەى، راوێژکارى کۆمەڵەى بانکە تایبەتەکانى عێراق بە رووداوی گوت، "کاتێک بازرگانێک داواى دۆلارى دەکرد، لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنییەوە وردبینى دەکرا و ئەگەری هەبوو رەتبکرێتەوە، بەڵام ئێستا سیستمى ئاگادارکردنەوەى پێشوەختە هەیە، کە دەرفەتى ئەوەى رەخساندووە بتوانن حەواڵەکە بەشێوەیەکى راستەخۆ بکەن، ئەمە پاڵپشتیکراوە لەلایەن بانکى ناوەندییەوە، کە دەیەوێت تاوەکو 31ـی کانوونى یەکەمى 2024 سەکۆى ئەلیکترۆنى رابگرێت".