عێراق گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەکڕێت
رووداو دیجیتاڵ
عێراق دەیەوێت گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان بکڕێت بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێ کوالێتیی گازی کۆرمۆر باشە و سوورن لەسەر ئەوەی بۆ وەرزی هاوین گازەکە بکڕن.
ئەحمەد مووسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی پێنجشەممە (28ـی ئاداری 2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "حکومەتی عێراق دەیەوێت سوود لە گازی کێڵگەی کۆرمۆر وەربگرێت، پشتیوان بە خودا لەگەڵ چوونە نێو وەرزی هاوین سوود لە گازی ئەم کێڵگەیە وەردەگیرێت، یاخود گازی ئەو کێڵگەیە دەکڕن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ناوچەی باکوور."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت "کاری یەکەم ئەوەیە؛ ئەو گازە پێداویستیی نێوخۆی هەرێمی کوردستان پڕبکاتەوە، ئەگەر گاز لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت و زیاد بێت، بێگومان وەزارەتی کارەبا سوورە لەسەر کڕینی ئەو گازە."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق جەختی لەوە کردەوە، "ئاراستەی حکومەت ئەوەیە؛ گازی کێڵگەی کۆرمۆر بکڕێت، بەو پێیەی کواڵێتیی گازەکە باشە و پێداویستی وێستگەکانی ناوچەی باکوور دابین دەکات."
ئەحمەد عەبادی، راشیگەیاند، "ئێستا کە وەرزی بەهارە، خواست لەسەر کارەبا نییە و بارگرانی لەسەر تۆڕی کارەبا نییە، بەڵام لەگەڵ چوونە نێو وەرزی هاوین و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا، ئەوکات بێگومان بابەتی کڕینی گازی کۆرمۆر کارا دەبێت، بەو پێیەی بەشێک لە پێداویستییەکانی گازی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین دەکات."
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.