وەزارەتی وزەی تورکیا لەبارەی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی: دەبێت عێراق قەرەبوومان بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، لیژنەی دادوەریی پاریس بڕیاریداوە لە دۆسیەی نەوتدا عێراق، تورکیا قەرەبوو بکاتەوە.
وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 28-03-2023 راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆسیەی نەوت بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بردنەوەی عێراق لە دۆسیەی تایبەت بە نەوت، لە لیژنەی دادوەریی ژوورەکانی بازرگانیی نێودەوڵەتی کە ناوەندەکەی لە پاریسە، ئەم راگەیێندراوە بە پێویست زانرا."
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە راستیدا ئەم دۆسیەیە رەنگدانەوەی ناکۆکیی نێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقە کە یەکەیەکی دەستوورییە و ساڵانێکە بەردەوامە. وڵاتەکەمان هەمیشە رێزی لە یەکێتی و یەکپارچەیی عێراق گرتووە. هەروەها هەوڵی بۆ سەقامگیریی عێراق و سیاسەت و ئابوورییەکەی داوە."
وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە، تورکیا وەکو هاوبەشی زۆر پرۆژەی گرنگی وزە بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵەی کردووە و دەڵێت، "وڵاتەکەمان سەرەڕای ناسەقامگیریی ناوچەکە، لە ساڵی 1973وە ملیارەها دۆلاری لەپێناوی بە کارایی مانەوەی سیستمی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا خەرجکردووە و هەموو هەوڵێکی پێویستی بۆ پاراستنی سەقامگیریی بازاڕە جیهانییەکان داوە. لەپێناو چارەسەرکردنی لێکتێنەگەیشتنەکانیش لەگەڵ لایەنەکان و وڵاتانی پەیوەندیدار رێگەی دیپلۆماسیی گرتووەتەبەر."
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لیژنەی دادوەریی پاریس، لە کۆی پێنج داواکاریی عێراق، چوار دانەی رەتکردووەتەوە؛ بەڵام زۆربەی داواکارییەکانی تورکیای قبووڵ کردووە و بڕیاریداوە عێراق بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەی هەیەتی، قەرەبووی تورکیا بکاتەوە، "تورکیا وەک پێشتر ئامادەیە یاسا نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکات. هەروەها ئامادەی هەموو جۆرە هەوڵێکە لەنێوان لایەنە سەرەکییەکانی لێکتێنەگەیشتنەکە، لەپێناوی گەیشتن بە چارەسەری هەمیشەیی."
رۆژی پێنجشەممە، 23ی ئاداری 2023، دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا بڕیارێکی دەرکرد، کە بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، تورکیا لەمەودوا بێ رەزامەندیی بەغدا، نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکات، کە پێش بڕیارەکە رۆژانە لانیکەم 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرا.
هەناردەکردنی نەوت و داهاتەکەی بە بڕبڕەی پشتی ئابووری هەرێمی کوردستان دادەنرێت و لە ماوەی 12 مانگی رابردووشدا، هەوڵەکانی حکومەتی بەغدا بۆ راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان چڕتر بوونەتەوە و یەکێکیش لەو هەنگاوانەی بەغدا گرتیەبەر، ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیا بیانییەکان بوو، لەوەی لە ئەگەری فرۆشتنی نەوتی کوردستان بە شێوەیەکی سەربەخۆیانە، رووبەڕووی کێشەی یاسایی دەبنەوە.
لە مانگی شووباتی ساڵی 2022، دادگەی فیدراڵیی عێراق هەناردەی نەوتی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە و سەرجەم گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان بە نادەستووری ناوبرد.
دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسایە؛ لە ساڵی 1923 دامەزراوە و 100 دادوەری هەیە و نوێنەرایەتیی 90 وڵات دەکات. دادگەکە چارەسەری کێشە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان دەکات.