شاندی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

28-03-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی دارایی گەیشتە بەغدا. 
 
شاندەکە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی دەکات و لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت و دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران پێکهاتوون و بڕیارە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق چەندین دیدار و کۆبوونەوە ئەنجام بدەن.
 
رۆژی یەکشەممە 26-03-2023، شاندێکی هەرێمی کوردستان چوونە بەغدا و لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبوونەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 28-03-2023، جارێکی دیکە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای دەکات و بەگوتەی سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەری سەرەکیی دانیشتنی هەردوولاش پەیوەندیی بە گفتوگۆکردنەوە هەیە لەبارەی رێوشوێنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە.
 
نەهرۆ رواندزی گەشبینە بە گفتوگۆکان و دەڵێت: "لەم هەفتەیەدا هەردوولا دەگەنە رێککەوتن، چونکە هەرێمی کوردستان ناتوانێت زیاتر بەرهەمهێنانی نەوت رابگرێت و توانای کۆگاکردنی نییە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یەکێک لە پێشنیازەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ شاندی هەرێمی کوردستان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ "کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق".
 
یادگار سدیق گەڵاڵی، شارەزای نەوت، لەبارەی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان لەلایەن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هۆکاری سەرەکیی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت بریتییە لە نەبوونی کۆگای ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان، یەکێک لەو هەڵانەی لە رابردوودا کراوە، ئەوەیە هەرێمی کوردستان بیری لە دروستکردنی کۆگایەکی گەورە نەکردووەتەوە کە ملیۆنان بەرمیل نەوت لەخۆبگرێت بۆ ئەوەی لەکاتێکدا ئاوادا بەکەڵک بێت."
 
بە گوتەی ئەو شارەزایەی نەوت، ئەو کۆگایانەی کە هەن، کۆگا لاوەکییەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتن و لە کێڵگەکاندا هەن نەوەک لە شوێنی دیکە، توانای هەڵگرتنیشیان ناگاتە 500 هەزار بەرمیل کە ئەوەش ژمارەیەکی زۆر کەمە، بۆیە هەرێمی کوردستان رەنگە بتوانێت لەنێوان دوو بۆ چوار رۆژ بەرهەمهێنراوی نەوتی هەڵبگرێت، دوای ئەوە تووشی کێشەی نەبوونی کۆگای هەڵگرتن دەبێتەوە.
 
رۆژی 25ـی ئەم مانگە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا، دوای ئەوەی دەستەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی کە کەیسێکی لەنێوان تورکیا و عێراق لە بەرژەوەندیی ئەمەی دوایی یەکلاییکردەوە و بڕی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلاریش پێبژاردنی بەسەردا سەپاند بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا، سکاڵاکەش لە ساڵی 2014ـەوە پێشکێشکرابوو و ماوەی چەند ساڵێکە چەند جارێک سڕکرابوو.
 
هەناردەنەکردنی نەوتی کوردستان تەنیا زیانی بۆ هەرێمی کوردستان نییە، کە رێژەی 78٪ـی داهاتەکانی دابین دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی بێبەشکردنی عێراق لە بڕی 500 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستان و کەرکووک لە ئۆپێک، جگە لەوەش کاریگەری لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان دەبێت، ئەو کێشەیەی نێوان عێراق و تورکیا، ئەمریکاشی هێنایە سەر هێڵ.
 
رۆژی دووشەممە 27-03-2023، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی پرسیاری تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان دایەوە. ئەمریکا، بەگوتەی ڤێدانت پاتێل، داوای لە حکومەتەکانی تورکیا و عێراق کردووە بەردەوامی بە هەناردەکردنی نەوت بدەن لە رێگەی بۆریی نەوتی نێوان عێراق و تورکیاوە. 
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "پەکخستنی هەناردەکردنی وزە، سوود بە هیچ لایەنێک ناگەیێنێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.