لە سەرەتای نیسانەوە پشکنینی کۆرۆنا بۆ گەشتیارانی هەڵگری کارتی ڤاکسین هەڵدەگیرێت

28-03-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریدا لە رۆژی 1ی نیسانی 2022ەوە کارتی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا (PCR) وەکو مەرج بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان یان هاتن بۆی هەڵدەوەشێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 28ی ئاداری 2022 د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەپێی بڕیاری نوێی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، لە رۆژی 1ی نیسانی 2022 و بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، هەر گەشتیارێک هەڵگری کارتی ڤاکسین ڤیزا بێت، پێویستی بە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا - PCR نابێت نە لە کاتی دەرچوون نە لە کاتی هاتنەوەی لە فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان، ئەگەر کارتی ڤاکسین ڤیزای نەبێت پێویستە پشکنینی PCR بکات".
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ دووشەممە 28ی ئادار بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا تەنها 81 تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراون و 210 کەسیش چاکبوونەتەوە، هەروەها سێ حاڵەتی مردن هەبووە، بەوپێیەی ئامارەکان دەریدەخەن رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان زۆر دابەزیوە بەراورد بە سەرەتای ساڵ.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە هەرێمی کوردستان تاوەکو رۆژی 28ی ئاداری 2022 گەیشتووەتە 436 هەزار و 127 تووشبووی دەستنیشانکراو، لەو ژمارەیەش 427 هەزار و 782 تووشبوو چاكبوونەتەوە و حەوت هەزار و 431 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، ئێستا هەرێمی کوردستان تەنها 914 تووشبووی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

نرخی نەوت بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 81 دۆلار بەرزبووەوە. هەروەها نرخی کانزای زەرد (زێڕ) بەڕێژەیەکی کەم دابەزینی بەخۆیەوە بینی و یەک ئۆنسە بە 2462 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.