دەقی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

28-02-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، دوای ئەوەی کارتی بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت و مووچەکانیان دەگواسترێتەوە سەر بەغدا، حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت.
 
مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەدوای بە "بانکیکردنیان"؛ دەکرێت لە رێگەی ئەو بانکانەوە دابەش بکرێن کە لقیان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتپێدراون. 
 
رۆژی 28ـى شوباتى 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دەقى نووسراوى بڕیارێکى خۆى بڵاوکردەوە کە لە 21ـى شوبات دەریکردبوو لەبارەى سکاڵایەکەوە بۆ ناردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان:
 
دەقی بڕیارەکانی دادگەى فیدراڵى: 
 
- پابەندکردنى سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە "بەبانکیکردن"ـى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتیى هەرێمى کوردستان و گواستنەوەى بۆ سەر بەغدا لە رێگەى بانکە حکومییە فیدراڵییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان.
 
- ئەو مووچەیە لە پشکى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت، کە لە یاساى بودجەى گشتى دیاریکراوە بۆ ئەمساڵ و ساڵانى دواتر.
 
- فەرمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆیان هەیە هاوئاهەنگیى راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتى دارایی فیدراڵ بکەن بۆ جێبەجێکردنى  بەبانکیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و گواستنەوەى بۆ سەر بەغدا بەبێ گەڕانەوەى بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان.
 
- دەبێت سەرجەم بانکەکانى سەر بە حکومەتى فیدراڵ کارئاسانى بکەن بۆ پرۆسەى بەبانکیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کورستان و گواستنەوەى بۆ سەر بەغدا و هەموو رێگە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ ئەوەى مووچەخۆران مووچەکانیان لە شوێنى نیشتەجێبوونیان بەدەست بگات.
 
- دابەشکردنى ئەو مووچەیە لە رێگەى دەروازەکانى پاردەدارکردن دەبێت لە هەرێمى کوردستان یان ئەو بانکانەی کە لە هەرێمى کوردستان کراونەتەوە لەلایەن بانکى ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێدراوە.
 
- بەرپرسی باڵاى فەرمانگە و دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان بەرپرسیارێتیى دروستى ئەو زانیارییانە دەگرنە ئەستۆ، کە دەنێردرێت بەمەبەستى بەبانکیکردنى مووچەى فەرمانبەران و گواستنەوەى بۆ سەر بەغدا لە رووى ژمارە و پلە و بڕى مووچەکانیان.
 
- دەبێت ئەو لیستى مووچانە لەلایەن سەرۆکى باڵاى دامەزراوەکە و بەڕێوەبەرانى وردبینى دارایی، بەشی دارایی، تواناى مرۆیی واژۆ کرابێت، تاوەکو حکومەتى فیدراڵى ئەو مووچانە خەرج بکات. 
 
- لە دواى بەبانکیکردنى مووچە، ئەو مووچانە دەدرێن و نابێت بە قەرز بدرێت.
 
- پێویستە دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان مانگانە لەکاتى دیاریکراوى خۆیدا تەرازووى پێداچوونەوە (خەرجى و داهات)ى مانگانە پێشکێشی فەرمانگەى ژمێریاریى وەزارەتى دارایی فیدراڵى بکات لە مانگى دواتردا کاتێک داواى پارەدارکردن دەکات هاوشێوەى وەزارەتەکانى حکومەتى فیدراڵى.
 
- سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پەیوەست کراوە بە رادەستکردنى سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە حکومەتى فیدراڵى، بەگوێرەى یاساى کارگێڕیى دارایی فیدراڵى، تاوەکو دواتر دیوانى چادێریى دارایی فیدراڵى بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێریى دارایی هەرێمى کوردستان وردبینى لە زانیارییەکانى داهاتدا دەکەن بەگوێرەى ئەوەى لە یاسای بودجەى گشتى 2023دا هاتووە. 
 
- پەیوەستکردنى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رێگەدان بە دیوانى چاودێریى دارایی فیدراڵى تاوەکو بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێریى دارایی هەرێمى کوردستان وردبینى لەو هەژمارە بانکییانەى هەرێمى کوردستان بکەن، کە لە بانکى ناوەندى کراونەتەوە و وردبینی لە لیستى مووچەخۆراندا بکەن.   

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی سنووریی مێهران.

هەناردەی دەروازەی سنووریی مێهران یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاند

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئیلام دەڵێت، لە نۆ مانگدا، بایی زیاتر لە یەک ملیار و 181 ملیۆن دۆلار کاڵا لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە هەناردە کراوە. راشیگەیاند رۆژانە 600 بارهەڵگر لە دەروازەکە بەرەو عێراق دەچن.