رووداو دیجیتاڵ
نرخی بیتکۆین زیاتر لە 3 هەزار و 700 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 60 هەزار و 500 دۆلار.
ئەمەش لەکاتێکدایە لە دوو رۆژی رابردووشدا، نرخی بیتکۆین زیاتر لە 2 هەزار و 500 دۆلار بەرزبووەتەوە، بەو پێیە، لە سێ رۆژدا نرخی هەر بیتکۆینێک نزیکەی 9 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2021ـەوە.
بەرزبوونەوەکەی ئەمڕۆی نرخی بیتکۆین لەکاتێکدا دێت، بلاکڕۆک، گەورە کۆمپانیای ئەمریکیی بواری سەرمایە و بازرگانی، پێشنیازی کردووە 28٪ـی سەرمایە و وبەرهێنانەکانی بۆ بیتکۆین تەرخانبکات.
پێشنیازەکە لە ئیڤێنتێکی نێوخۆیی کۆمپانیاکەدا کراوە و ئاماژەیە بە ستراتیژییەتێکی "بوێرانە"ـی کۆمپانیاکە و لەدوای هەوڵەکانی بەدامەزراوەییکردنی مامەڵەکردن بە بیتکۆینەوە دێت.
11ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، لیژنەی ئاڵوگۆڕی کاڵای فیدراڵیی ئەمریکا بڕیاریدا داواکاریی 13 کۆمپانیای دراوە دیجیتاڵییەکان بۆ مامەڵەکردن بە بیتکۆین لە بۆرسەکانی ئەو وڵاتە پەسندبکات.
ئەم بڕیارە کاریگەریی ئەرێنیی گەورەی لەسەر بیتکۆین داناوە و خواستی لەسەر ئەو دراوە زیادکردووە، کە گەورەترین دراوی دیجیتاڵییە لەسەر ئاستی جیهان.
هاتنەناوەوەی بیتکۆین بە ئاستێکی پێوانەیی بۆ نێو بۆرسەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی لە رۆژانی رابردوودا، خواستێکی زۆری لەسەر ئەو دراوە دروستکردووە؛ رۆژی دووشەممە 26-2-2024، بە بەهای 520 ملیۆن دۆلار بیتکۆین چووەتە نێو بۆرسەکانی ئەمریکا و، دوێنێش بە بەهای 577 ملیۆن دۆلاری دیکە پرۆسەکە بەردەوام بووە.
مانگی تشرینی دووەمی 2021، نرخی هەر بیتکۆینێک گەیشتە زیاتر لە 69 هەزار دۆلار، ئەمەش بەرزترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لە مێژوودا.
هەرچەندە بەشێک لە ناوەندەکان هۆشداری لە دابەزینی بیتکۆین بەهۆی خۆڕاستکردنەوەوە دەدەن کە بەهۆی هەڵگرتنەوەی قازانج لە لایەن وەبەرهێنەران و کەمبوونەوەی هێزی کڕینەوە روودەدات، بەڵام بەشێکی دیکە بەدووری نابینن لە کاتێکی ئەمساڵدا، نرخی بیتکۆین بەرزترین ئاستی مێژووش تۆماربکات.
هاوکات بەپێی ئاماری سەکۆی (کۆینبەیس - Coinbase)، کە گەورەترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکانە لە ئەمریکا، لەدوای بڕیارەکەی لیژنەی ئاڵوگۆڕی فیدراڵی لە مامەڵەکردن بە بیتکۆین لە بۆرسەکانی ئەمریکا، بە بەهای زیاتر لە 50 ملیار دۆلار بیتکۆین چووەتە نێو بۆرسەکانی ئەو وڵاتەوە.
تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی بیتکۆین زیاتر لە 40٪ بەرزبووەتەوە؛ لە ساڵی رابردوویشدا 150٪ بەرزبووەوە، بە جۆرێک لە 18 هەزار دۆلار لە سەرەتای 2023 گەیشتە 44 هەزار دۆلار لە کۆتایی ساڵەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ