شەش کەس لە میسان بە بۆریى پلاستیک نەوتى خاویان بردووە


رووداو دیجیتاڵ 

دادگەیەکى پارێزگاى میسان شەش هاووڵاتی بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزادا، ئەوەش بە تاوانی ئەوەی بە بۆریى پلاستیک نەوتى خاویان لە بۆرییەکى سەرەکیى گواستنەوەى نەوتی پارێزگاکە بۆ بەسرە بە قاچاخ بردووە.
 
رۆژی سێشەممە، 28ـى شوباتى 2023، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد کە دادگەى تاوانەکانى میسان، هەر یەک لەو شەش کەسەى بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزاداوە، ئەوەش بە تاوانی بەقاچاخبردنى بەرهەمە نەوتییەکان.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو شەش کەسە یەکێک لە بۆرییە سەرەکییەکانى گواستنەوەى نەوتى میسان و بەندەرى فاوى بەسرەیان کونکردووە و لە رێگەى بۆریى پلاستیکەوە نەوتەکەیان بردووە.
 
لە سنوورى پارێزگاى میسان چوار کێڵگەى نەوتى سەرەکى هەن کە بریتین لە کێڵگەکانى حلفایە، بزرکان، فەککە و ئەبوغەرب.
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق دەڵێت، ئەو نەوتەى هاووڵاتییان بردوویانە لە کێڵگەى بزرکان بووە و هاووڵاتییەکان بەگوێرەى بڕگەى یەکى مادەى چوارى رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و مادەى شەشى یاساى رووبەڕووبوونەوەی بەقاچاخبردنى نەوت و بەرهەمەکانى سزادراون.