وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: دوو ملیۆن لیتر نەوت گەیشتە هەرێمی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، دوو ملیۆن لیتر نەوتی سپی گەیشتە هەرێمی کوردستان. ئەندامێکی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانیش دەڵێت: "ئەگەر هەر خێزانێک بەرمیلێک نەوتی 200 لیتری وەربگرێت، ئەوا پێنج هەزار خێزان لە سلێمانی لەو نەوتە سوودمەند دەبن." قایمقامی هەولێریش دەڵێت: "لەو یەک ملیۆن لیترە نەوتەی هەولێر 300 هەزار لیتری بۆ پارێزگای دهۆکە."
 
رۆژی شەممە 28-1-2023، سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو 30 تانکەرە نەوتەی بۆ پارێزگای سلێمانی گەیشتووە، یەک ملیۆن لیترە، بۆ هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و گەرمیانیشە. تائێستاش دیار نییە بە چی میکانیزمێک دابەشدەکرێت و بە کێ دەدرێت و بە چەند دەدرێت. 
 
بە گوتەی سەلام عومەر: ئەگەر ئەو یەک ملیۆن لیترە بەهەمان شێوازی پێشووتر، هەر خێزانێک یەک بەرمیل نەوتی 200 لیتریان وەربگرێت، نزیکەی پێنچ هەزار خێزان دەتوانن لێی سوودمەندبن، بەڵام دواجار شێوازی دابەشکردن و میکانیزمەکەی، پارێزگای سلێمانی دیاری دەکات و دواتر ئێمە دەست بە دابەشکردنی دەکەین. 
 
بەغدا 30 تانکەر نەوتی بۆ پارێزگای هەولێریش ناردووە. نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت، ئەو 30 تانکەرە یەک ملیۆن لیتر نەوتە، 700 هەزار لیتری بۆ هەولێرە و 300 هەزار لیتری بۆ دهۆکە و بێ بەرامبەر بە هاونیشتمانییان دەدریت.
 
لەبارەی شێوازی دابەشکردنی ئەو نەوتە بەسەر هاونیشتمانییان، قایمقامی هەولێر گوتی، تا ئێستا شێواز و میکانیزمی دابەشکردنی دیارینەکراوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 12-01-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵیی عێراق بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
 
لەو 50 ملیۆن لیترە نەوتە دوو ملیۆنی گەیشتووەتە پارێزگای سلێمانی. ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانیش دەڵێت: "ئەوەیان لیتری بە 500 دینار دیاریکراوە واتا نرخی بەرمیلێکی 200 لیتری بە 100 هەزار دینارە، بەڵام تاوەکو ئێستا نرخی کرێی گواستنەوە دیارینەکراوە، بۆیە دەست بە دابەشکردنی نەکراوە." 
 
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "پاش سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، حکومەتی فیدراڵی عێراق (60) تەنکەر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان نارد. ناردنی ئەم 2 ملیۆن لیترەی نەوتی سپی لەسەر داوای هیچ لایەنێکی سیاسی نەبووە، بەراورد لەگەڵ زیاتر لە 254 ملیۆن لیتر پێداویستیی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر کەمە، کە بۆ دابینکردنی بەرمیلێکی نەوت بۆ هەر ماڵێک یەک ملیۆن و 274 هەزار خێزان پێویستمانە."
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئێستا زیاتر لە 64 ملیۆن لیتر نەوتیان بە نرخی پاڵپشتیکراو لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشکردووە و ئەم دوو ملیۆن لیترەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان "بێ بەرامبەر بەسەر خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دابەش دەکات، کە هاوکاتە لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان و دەستپێکردنی لە ناوچەکانی دەوروبەر."