هەرێمی کوردستان چەند پارەی لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچە خەرج کردووە و چەندی رادەستی بەغدا کردووە؟
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان لە 11 مانگدا زیاتر لە 1.3 تریلۆن دینارى لە داهاتى ناوخۆ بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى مووچە خەرج کردووە، یان رادەستی بەغدای کردووە، لە ساڵى نوێشەوە گۆڕانکارى لە راپۆرتى جیاوازى خەرجى و داهات دەکرێت.
بەگوێرەى ئەو داتایانەى کە تۆڕى میدیایی رووداو دەستى کەوتوون، وەزارەتی دارایی لە مانگى کانوونى دووەمى ئەم ساڵ تاوەکو مانگى تشرینى یەکەم ئەو بڕە پارەیەی خەرجکردووە، کە زیاتر لە 920 ملیار دیناری بۆ کورتهێنانى مووچە بووە، بەهۆى ئەوەى وەزارەتى دارایی فیدراڵى تەواوى پارەى مووچەى نەناردووە.
بۆ مووچەى مانگى کانوونى دووەم، 320 ملیار دینار لە داهاتى ناوخۆ خراوەتە سەر ئەو 618 ملیار دینارەى بەغدا بۆ مووچە ناردوویەتى تاوەکو پڕ بکرێتەوە.
بۆ مووچەى هەر مانگێک هەرێمى کوردستان پێویستى بە زیاتر لە 980 ملیار دینارە.
وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان بۆ ماوەى چوار مانگ 45 ملیار دیناری بۆ پڕکردنەوەى پارەى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان لە داهاتى ناوخۆ خستووەتە سەر پارەى مووچە کە بۆ هەر چوار مانگەکە 180 ملیار دینار دەکات.
بۆ تەواوکردنى پارەى مووچەى مانگى تشرینى یەکەم، وەزارەتى دارایی و ئابوورى بڕى 220 ملیار دینارى لە داهاتى ناوخۆی خستووەتە سەر پارەى مووچە، لەو مانگەدا بەغدا کەمتر لە 760 ملیار دینارى ناردووە.
وەزارەتى دارایی فیدراڵى رەزامەندى داوە لەسەر خەرجکردنى بڕى 430 ملیار دینار بۆ ئەوەى کورتهێنانى مووچەى مانگەکانى تشرینى یەکەم و دووەمی پێ پڕبکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پارەیە بۆ هەرێمى کوردستان نەنێردراوە.
لە هەمان ماوەدا نزیکەى 200 ملیار دینارى پارەى مووچەى وانەبێژان و گرێبەستەکان لە داهاتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان دراوە.
جگە لە پڕکردنەوەى کورتهێنانى مووچە، وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کردستان بە پێنج گوژمە 399 ملیار و 268 ملیۆن و 970 هەزار دیناری لە داهاتى ناوخۆ رادەستى وەزارەتى دارایی عێراق کردووە.
بەگوێرەى ئامارێکى وەزارەتى دارایی عێراق لە 9 مانگدا 8.8 تریلیۆن دیناری لە پشکى هەرێمى کوردستان ناردووە، کە زیاتر لە 7.7 تریلیۆن دینارى بۆ مووچە بووە، تێکڕاى ئەو پارەیەى نێردراوە 9.3%ـی خەرجییەکانى عێراق بووە لەو ماوەیەدا.
بۆ مانگى تشرینى یەکەم، بەغدا 760 ملیار دینار و بۆ مانگى تشرینى دووەم 631 ملیار و 335 ملیۆن دینارى ناردووە، بەوپێیە تێکڕاى ئەو پارەیەى بۆ هەرێمى کوردستان لە 11 مانگدا نێردراوە، 10 تریلیۆن و 251 ملیار و 267 ملیۆن و 312 هەزار دینارە.
بەجیاکرنەوەى پارەى داهاتى ناوخۆی رادەستکراوى هەرێمى کوردستان و پارەى پڕکردنەوەى مووچە، پوختەى پاکتاوى دارایی نێوان هەولێر و بەغدا لە 11 مانگدا، بەغدا هەشت تریلیۆن و 931 ملیار و 998 ملیۆن و 342 هەزار دینارى ناردووە.
هەفتەى رابردوو راپۆرتى هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتى دارایی فیدراڵ و هەرێمى کوردستان لە بارەى تەرازووى پێداچوونەوە ئامادە کران، کە بەراوردکردنى داهات و خەرجییەکانە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو لەو راپۆرتەدا ژمارەکانى بەردەست هەردوولا هاوتا کراون و یەکێک لەتێبینییەکان ئەوەبووە کە داهات و خەرجى هەر مانگێک لە هەرێمى کوردستان کەوتووەتە مانگى دواتر بەهۆى دواکەوتنى مووچەوە. بڕیاردراوە لە مانگى کانوونى دووەمى 2025 بەراوردکاریی لە نێوان خەرجى و داهاتدا لە کاتی خۆیدا بکرێت.