رووداو دیجیتاڵ
نرخی قاوە گەیشتە بەرزترین ئاست لە دوای ساڵی 1977ـەوە.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیە نرخی قاوەی "ئارابیکا" کە دیارترین جۆری قاوەیە، بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. ئەمڕۆش نزیکەی 13 دۆلاری دیکە بەرزبووەوە و گەیشتە 403 دۆلار بۆ هەر 60 کیلۆیەک قاوە. واتە نرخەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە 6 دۆلار و نیو بۆ هەر کیلۆیەک.
نیگەرانی لە کەمبوونەوەی بەرهەمی قاوە لەسەر ئاستی جیهاندا، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی. هۆکاری سەرەکیی نیگەرانییەکەش وشکەساڵییە لە بەرازیل، هاوشان لەگەڵ فاکتەرە جیۆسیاسییەکان.
بەرازیل گەورەترین بەرهەمهێنەری قاوەیە. سەرەڕای بارانی زۆری ئەم ساڵ، بەڵام ئێستا رووبەڕووی وشکەساڵییەکی سەخت بووەتەوە. ئەمە ترسێکی گەورەی دروستکردووە لە کەمبوونەوەی قاوە بۆ وەرزی بەرهەمهێنانی 2025-2026.
جگە لەوەش، شارەزایان پێیانوایە پچڕانی هاتووچۆی بازرگانی لە دەریای سوور و ئەگەری زیادکردنی پێناسی گومرگی لەلایەن ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپ و، رێکارەکانی داهاتووی ئەورووپاش بۆ رووبەڕووبوونەوەی لەنێوچوونی دارستانەکان، سێ هۆکاری دیکەن بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی قاوە.
نرخی قاوەی جۆری "رۆبوستا"ـش بەرزبووەتەوە کە جۆرێکی دیکەی سەرەکیی قاوەیە. وشکەساڵی لە ڤیێتنام هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی ئەم جۆرەیانە کە قاوەی ئامادەکراوە، بەوپێیەی ڤیێتنام گەورەترین بەرهەمهێنەری رۆبوستایە.
نرخی ئەم جۆرەیان تەنیا ئەمڕۆ زیاتر لە 200 دۆلار بەرزبووەتەوە و گەیشتە 5 هەزار و 387 دۆلار بۆ هەر تۆنێک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ