گۆڤارێکی ئەمریکی: قەبارەی ئابووریی عێراق زیاتر لە 270 ملیار دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
گۆڤارێکی ئەمریکی دەڵێت، عێراق 51ـەمین، گەورەترین ئابووریی جیهان و چوارەم گەورەترینی وڵاتانی عەرەبییە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی گۆڤاری (CEOWORLD)ـی ئەمریکی کە تایبەتە بە بواری ئابووری، ئەمریکا گەورەترین ئابووری و تۆڤالۆ بچووکترین ئابوورییان هەیە.
گۆڤارەکە دەڵێت، ئەمریکا بە 30 تریلیۆن و 330 ملیار دۆلار، گەورەترین زلهێزی ئابوورییە لە جیهان. دوای ئەویش چین دێت بە 19 تریلیۆن و 530 ملیار دۆلار.
لە پلەی سێیەمیش ئەڵمانیا دێت کە قەبارەی ئابوورییەکەی 4 تریلیۆن و 920 ملیار دۆلارە. ژاپۆن بە 4 تریلیۆن و 390 ملیار دۆلار و، هیندستانیش بە 4 تریلیۆن و 270 ملیار دۆلار لە پلەکانی چوارەم و پێنجەمی گەورەترین ئابووریی جیهان دێن.
گۆڤارەکە دەڵێت، ئەو پێنج وڵاتە زۆرترین کاریگەرییان لە بازرگانیی جیهانیشدا هەیە.
هەریەک لە بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، کەنەدا و بەرازیلیش پلەی شەشەم تاوەکو دەیەمیان گرتووە.
لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش، سعودیە پلەی یەکەمی گرتووە و قەبارەی ئابوورییەکەی تریلیۆنێک و 136 ملیار دۆلارە. ئیمارات بە 568 ملیار و 567 ملیۆن دۆلار و، میسریش بە 345 ملیار و 874 ملیۆن پلەی دووەم و سێیەمیان گرتووە.
دوای ئەوانیش عێراق لە پلەی چوارەمدا دێت بە 270 ملیار و 870 ملیۆن دۆلار [زیاتر لە 350 ملیار دینار]. دوای عێراقیش جەزائیر، قەتەر، مەغریب و کوێت دێن.
لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکەش، بەپێی گۆڤارەکە، تورکیا خاوەن 17ـەم گەورەترین ئابووریی جیهانە بە تریلیۆنێک و 455 ملیار دۆلار. ئێرانیش بە 463 ملیار و 747 ملیۆن دۆلار پلەی 37ـەمی گرتووە لەنێو گەورەترین وڵاتانی ئابووریی جیهان.
دوو وڵاتی بچووکیش کۆتا پلەیان گرتووە؛ تاڤۆلۆ بە 79 ملیۆن دۆلار پلەی 196ـەمی گرتووە و خاوەن بچووکترین ئابوورییە لەسەر ئاستی جیهان. پێش ئەویش لە پلەی 195ـەم ناورۆ دێت بە 179 ملیۆن دۆلار.
قەبارەی ئابووریی وڵاتان بەپێی ئەو بەرهەمە دەپێورێت کە لە نێوخۆی وڵاتدا بەرهەمدەهێندرێت و مەرج نییە پەیوەندییەکی راستەوانەی بە هەڵاوسان و گەشەی ئابوورییەوە هەبێت.
واتە ئەگەر وڵاتێک قەبارەی ئابوورییەکەی گەورە بێت، مەرج نییە هەڵاوسان و نرخەکان کەم بن و گەشەی ئابووریی زۆری هەبێت، بەپێچەوانەشەوە.