جیاوازیی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری سوور و شین 300 دینارە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژە نرخی 100 دۆلار بە دراوی 25 هەزار دیناری (سوور) لە خوار 150 هەزار دینارە. بەڵام بە دراوی پێنج هەزار دیناری (شین) لە سەرووی 150 هەزار دینارە.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لە کاتی داخستندا نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 150 هەزار و 100 دینار بووە بە دراوی 5 هەزار دیناری. بە دراوی 25 هەزار دیناریش، وەک کەیفی خۆشناو دەڵێت، لە کاتی داخستندا 100 دۆلار بەرامبەر بە 149 هەزار و 750 دینار بووە.
 
بەراورد بە کاتی کردنەوە، ئەمڕۆ نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار کەمێک دابەزیوە؛ لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 149 هەزار و 500 دینار بووە بە دراوی 25 هەزار دیناری و، 149 هەزار و 900 دیناریش بووە  بە دراوی 5 هەزار دیناری.
 
کەیفی خۆشناو دەڵێت، دابەزینی ئەمڕۆی نرخی دینار پەیوەندی بە خواست و خستنەڕووەوە هەبووە و "شتێکی ئاساییە".
 
لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بەرامبەر 149 هەزار و 650 دینار بوو بە دراوی 25 هەزار دیناری، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە هەمان دراو بە 149 هەزار و 800 دینار بوو.
 
لە کاتی کردنەوەی بازاڕیش 100 دۆلار بە دراوی 5 هەزار دیناری بە 150 هەزار دینار و لە کاتی داخستنیشدا بە 150 هەزار و 100 دینار بوو.
 
هۆکاری ئەو جیاوازییە زۆرەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەو دوو جۆرە جیاوازەی دینار، زۆریی حەواڵەیە بە دراوی 25 هەزار دیناری.
 
بۆ ئەو حەواڵەیەی رۆژانە بازرگانان دەیکەن، بانکەکان داوا دەکەن ئەو دینارەی کە بە نرخی فەرمی [132 هەزار دینار بەرامبەر بە 100 دۆلار] لە لایەن بازرگانانەوە بۆیان دەبرێت بۆ حەواڵەکردن، بە دراوی 25 هەزار دیناری و 50 هەزار دیناری بێت. ئەوە وایکردووە خواستی بازرگانان زیاتر لەسەر دراوی 25 هەزار دیناری بێت. 
 
بۆیە کاتێک بازرگانان دۆلار بە دینار دەگۆڕنەوە، 25 هەزارییەکە گرانتر لەسەریان دەکەوێت. ئەمە هۆکاری جیاوازیی نرخی دۆلارە بەرامبەر بە جۆر و بڕە جیاوازەکانی دینار.
 
نزیکەی مانگێکە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار جێگیرە و 100 دۆلار بە 150 بۆ 151 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە بانکی ناوەندیی عێراق خستنەڕووی دۆلاری بەشێوەیەکی بەرچاو زیادکردووە و زۆرینەی رۆژەکان زیاتر لە 280 ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە، لەکاتێکدا مانگی پێشوو رۆژانە نزیکەی 250 ملیۆن دۆلاری دەخستە بازاڕەوە.
 
ئەمڕۆش بانکەکە 278 ملیۆن و 596 هەزار و 748 دۆلاری خستە بازاڕەوە. لەو بڕە، 8 ملیۆن و 150 هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش و 270 ملیۆن و 446 هەزار و 748 دۆلاری بەشێوەی حەواڵە بووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە