رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت دابەزی. هەروەها نرخی زێڕ بەنزیکەیی بە جێگیریی مایەوە.
بازرگانانی نەوت چاوەڕێن بزانن ئاگربەستی راگەیێندراوی نێوان لوبنان و ئیسرائیل چۆن جێبەجێدەکرێت.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 12 سەنت دابەزی و یەک بەرمیل بە 72 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 14 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 68 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس رۆژی سێشەممە بەهۆی راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل دابەزی بوون.
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە ئامادەیە رێککەوتنەکە جێبەجێبکات، بەڵام وەڵامی توندی هەر هێرشێکی حیزبوڵڵا دەداتەوە.
هیرۆیوکی کیکوکاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئێن ئێس ترەیدینگ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازرگانانی نەوت چاویان لەوەیە ئایا ئاگربەستەکە بە رێکوپێکی جێبەجێدەکرێت".
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە نرخی نەوتی سووکی تەکساس لە بازنەیەکی نێوان 65 دۆلار تاوەکو 70 دۆلار لە زستانی ئەم ساڵدا مامەڵەی پێوەبکرێت.
کیکوکاوا پێیوایە لەبەر بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەتی ئەمریکا بەتایبەتی لە دوای هاتنە سەرکاری لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا و هەروەها کەمبوونەوەی خواست لە لایەن چینەوە، پێشبینی ناکەن بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بەهۆی وەرزی سەرماوە رووبدات.
بازرگانانی نەوت هەروەها چاویان لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی داهاتووی ئۆپێک پڵەسە کە جووڵەی بازاڕی نەوت تاوتوێ دەکەن و بڕیار لەسەر درێژکردنەوە یان گۆڕانکاری لە رێککەوتنی پێشوویان دەکەن بەوەی کە نەوتی زیاتر بخەنە بازاڕەکانەوە.
زێڕ بە کزیی بەرز دەبێتەوە
نرخی زێڕ ئەمرۆ چوارشەممە لە بازنەیەکی سنووردا مامەڵەی پێوەکرا. یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێژەی 0.6٪ بەرزبووەوە بە 2635 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
کۆتایی ئەم هەفتەیە ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان لە ئەمریکا بڵاودەبنەوە و بازرگانانی زێڕ چاوەڕێن بۆیان دەرکەوێت داتاکان چۆن کاریگەری لەسەر روانگەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت و بەتایبەتی رێژەی سوودی بانکی لە کۆبوونەوەی مانگی داهاتووی بانکەکە چی بەسەردێت.
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کاپیتاڵ دۆت کۆم) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەهۆی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل فشاری فرۆشتن لە بازاڕی زێڕدا بەدەرکەوتووە، لەبەر ئەوەیە نرخی زێڕ لە بازنەیەکی سنووردار مامەڵەی پێوەدەکرێت".
بەپێی راپرسییەکان، تەنیا 63٪ی بازرگانان پێیانوایە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی 12دا رێژەی سوودی بانکی بەڕێژەی 0.25٪ کەمدەکاتەوە.
کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ