بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق: نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان دەکرێتە 50 هەزار دینار

رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە 100 هەزار دینارەوە دەکرێتە 50 هەزار دینار و دەشڵیت؛ هەوڵدەدەن نرخی گاز و بەنزین لە هەرێمی کوردستان هەرزان بکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2023 عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدای راگەیاند، "لە سێ هەفتەی رابردوو بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی ماڵان لەگەڵ بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، لەگەڵ وەزیری نەوت قسەمانکرد و پێشنیازەکەی پەسندکردین و بەرزکرایەوە بۆ ئەنجوومەنی باڵای ئابووری لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق"
 
د. عیزەت سابیر دەڵیت، "ئەنجوومەنی باڵای ئابووری ئەمڕۆ پێشنیازەکەی پەسند کرد و لە دوو رۆژی داهاتوودا سەرۆکوەزیران واژووی لەسەر دەکات".
 
بە گوتەی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز، "پێشتر بەرمیلێک نەوت بە 100 هەزار دینار دەدرا بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە 01-12-2023یەوە نرخەکەی دەبێتە 50 هەزار دینار".
 
د. عیزەت سابیر گوتی: "هەوڵی جددی بۆ هەرزانکردنی نرخی بەنزین و گاز لە هەرێمی کوردستان دەدەین بۆ ئەوەی نرخەکەی هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی لێبکرێت".
 
حکومەتی عێراق بەرمیلێک نەوت بە 30 هەزار دینار دەداتە هاووڵاتیان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەرمیلێک نەوت بە زیاتر لە 100 هەزار دینار دەدرێتە هاووڵاتیان.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 27-11-2023، لە راگەیێندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 125 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر 620 هەزار خێزاندا لە سەرجەم ناوچەکان دابەشکردووە.
 
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز دەڵێت: "ناکرێت لە بەغدا بەرمیلێک نەوت بە 30 هەزار دینار بێت و حکومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان بە 100 هەزار دینار دابەشی بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاوەکو دەگاتە هەرێمی کوردستان، کرێی گواستنەوەی دێتە سەر، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە نرخی بەرمیلێک نەوت دەکرێتە 50 هەزار دینار".
 
رۆژی 04-10-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە، کە هەر ماڵێک بەرمیلێکی 200 لیتری پێدەدرێت. نرخی بەرمیلێک نەوت 104 هەزار دینارە کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.