قەبارەی بازرگانی و چالاکیی ئابووری لەنێوان هەرێمی کوردستان و بولگاریا زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی نووسینگەی بازرگانی و ئابووری لە باڵیۆزخانەی بولگاریا رایگەیاند، 20 کۆمپانیای بولگاری لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵدەدەن لەدوای کۆتاییهاتنی کۆرۆنا پەیوەندییەکانیان بەرەوپێشەوە ببەن.
 
ستانیسلاڤ نۆکۆڤ، سەرۆکی نووسینگەی بازرگانی و ئابووری لە باڵیۆزخانەی بولگاریا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رۆژی 27-11-2022 رایگەیاند، بەراورد بە پارساڵ قەبارەی بازرگانی و چالاکیی ئابووری لەنێوان هەرێمی کوردستان و بولگاریا زیادیکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، خواست لە هەردوولا هەیە بۆئەوەی پەرە بە پەیوەندییەکان بدرێت.
 
بەگوێرەی ئاماری کۆمترەیدی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2021دا بولگاریا بە بڕی 51.36 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، کە خۆی لە سەروو 60 بابەتی جیاجیادا بینیوەتەوە.
 
قەبارەی بازگانیی نێوان عێراق و بولگاریا بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، کە بەپێی ئاماری کۆمترەیدی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2012دا بولگاریا بە بڕی سەروو 250 ملیۆن دۆلار شتومەکی هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە.
 
لەبارەی ژمارەی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان، ستانیسلاڤ نۆکۆڤ بە رووداوی گوت، "ژمارەی تەواویان نزیکەی 20 کۆمپانیایە، کە لێرە کاردەکەن، بەڵام هەمیشە جەخت لەوە دەکرێتەوە بۆئەوەی کۆمپانیای زیاتر لێرە کار بکەن. زۆربەی کۆمپانیاکانیش لێرەن لە هەولێر و بەشێکیشیان لە سلێمانی و دهۆکن. جیا لەوەی کە باسم کرد، لەبارەی خواستی کۆمپانیای بولگاری بۆئەوەی لێرە لە هەرێمی کوردستان کار بکەن، دەتوانم پێتبڵێم کە چالاکیی ئابووریی هاوبەشمان هەیە، بۆ نموونە بەنداوی موسڵ، بەشێکی ژێرخانەکەی لەلایەن کۆمپانیا بولگارییەکانەوە بونیاتنراوە. پێموایە ئەوەش شایەتیی کارکردنی هاوبەشی نێوانمان دەدات بۆئەوەی پەرە بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لە بواری ئابووری و بازرگانی بدەین."