هەڵاوسان لە ئەڵمانیا ساردبوونەوەی لە ئاهەنگەکانی کریسمسدا دروستکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

جیاواز لە ساڵانی رابردوو، لە ئەڵمانیا هەڵاوسان هەیە و بەشێک لە کڕیاران دەڵێن، ناتوانن بە دڵی خۆیان پێداویستی بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ و کریسمس بکڕن.
 
ئەلێکساندەر بێکەر، سەردانیکەری بازاڕی کریسمس دەڵێت، "تەنیا یەک بیرەم خواردووەتەوە. هەندێک چاوم گێڕا کە ببینم پارچەیەک گۆشتی برژاو بە چەندە، کە نرخەکەیم بینی، نەمکڕی."
 
زیادبوون لە نرخی گەرمکەرەوە، کارەبا و شتوومەک، کێشەی بۆ کاروباری فرۆشیارانیش دروستکردووە؛ بەشێکیان باس لەوە دەکەن، ناچارن نرخەکان ئەگەر بە رێژەیەکی کەمیش بێت بەرزتر بکەنەوە.
 
نیکۆڵ ئایزەرمان، فرۆشیار دەڵێت، "هەڵاوسانمان هەیە، بەداخەوە دەبێت خۆمان لەگەڵی بگونجێنین. هەوڵدەدەین دەرەنجامەکان بە بچووکی بهێڵینەوە."
 
ئانجێلیکا دیگینهارت، فرۆشیار ئاماژە بەوە دەکات، "هەموو شت گرانتر بووە، کارەبا گرانتر بووە، کەلوپەل گرانتر بووە، کاخەز گرانتر بووە. بۆیە دەبێت ئێمەش نرخەکان بە رێژەی 5% بۆ 8% زیادبکەین."
 
نۆ مانگ جەنگی ئۆکراینا کاریگەریی نەرێنیی زۆری لەسەر دۆخی ئابووریی یەکێتیی ئەوروپا بە گشتی و ئەڵمانیا بەتایبەتی دروستکردووە.
 
بەگوێرەی فەرمانگەی ئاماری فیدراڵیی ئەڵمانیا، رێژەی هەڵاوسان لە تشرینی یەکەمی 2022 بەراورد بە هەمان مانگی پار 10.4% بووە؛ بۆیە خەرجیی مانگانەی هاووڵاتییان بە رێژەی 11.6% بەرزبووەتەوە، نرخی خۆراکیش 20.3% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گازی سرووشتی بۆ زیاتر لە دوو هێندە، نرخی گەرمکەرەوەی ماڵان 35.6% و نرخی کارەبا بە رێژەی 13% بەرزبووەتەوە؛ کەرەستەی دیکەی گەرمکەرەوەش 43% بەرزبوونەتەوە.
 
کردنەوەی بازاڕەکانی کریسمس لە ئەڵمانیا کلتوورێکی کۆنە؛ ساڵانە لە کۆتایی تشرینی دووەم تاوەکو سەریساڵ لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئەو وڵاتە دەکرێنەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی ئەڵمانیا، تێکڕای سەردانکەرانی ساڵانەی بازاڕەکان لە سێ ملیۆن و 300 هەزار کەس نزیکدەبێتەوە و لانیکەم 61 ملیۆن یۆرۆ داهاتی ئەو بازاڕانەیە.