راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: یەدەگی عێراق 108 ملیار دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، یەدەگی پارە و زێڕی عێراق 108 ملیار دۆلارە.
موزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 27-10-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا یەدەگی دراوی عێراق نزیکەی 108 ملیار دۆلارە".
سەبارەت بە یەدەگی زێڕ، موزهەر محەممەد ساڵح گوتی، "152.6 تۆنە کە نزیکەی 10٪ـی کۆی گشتیی پارەی یەدەگی عێراق پێکدەهێنێت."
شوباتی رابردوو، یەدەگی زێڕی عێراق 145 تۆن و 661 کیلۆ بوو. زیادکردنی یەدەگی زێڕ بە نیشانەی سەقامگیریی دارایی و نەختینە دادەنرێت.
بەگوێرەی خشتەی ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ، لە مانگی ئەیلوولدا عێراق لە کۆی 100 وڵات کە لە خشتەکەدا ناویان هاتووە، 29ـیەمینە لە یەدەگی جیهانیی زێڕدا.
لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، عێراق پلەی سێیەمە.
بەگوێرەی خشتەکە، یەدەگی زێڕی عێراق گەیشتووەتە 152.6 تۆن کە پێشتر 148.3 تۆن بووە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە یەدەگی زێڕ، یەکەمی جیهانە بە 8 هەزار و 133 تۆن و 300 کیلۆ زێڕ؛ دواتر ئەڵمانیا بە 3 هەزار و 351 تۆن و 500 کیلۆ زێڕ لە پلەی دووەمدایە؛ ئیتاڵیا لە پلەی سێیەم دێت کە 2 هەزار و 814 تۆن یەدەگی زێڕی هەیە.