گومرگی میهران: لە حەوت مانگدا هەناردەمان زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلار بووە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی سنووریی میهران لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، هەناردەی کاڵایان لە سەرەتای نەورۆزەوە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 930 ملیۆن دۆلار.
 
سۆهراب کەمەری، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی سنووریی میهران لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 21-03-2024ـوە تاوەکو 21-10-2024، زیاتر لە یەک ملیۆن و 655 هەزار و 825 تۆن کاڵا هەناردەی عێراق و وڵاتانی دیکە کراوە.
 
بەگوتەی سۆهراب کەمەری زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی هەناردەکراون بریتین لە، کەرەستەی بیناسازی، بەرهەمە پلاستیکییەکان، کاشی و سیرامیک، بەروبوومی کشتوکاڵی و بەرهەمی پترۆکیمیایی، کە بەهایان گەیشتووەتەوە زیاتر لە 930 ملیۆن و 395 هەزار دۆلار.
 
وەک بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی سنووریی میهران دەڵێت، رۆژانە نزیکەی 600 بارهەڵگر لە رێگەی دەروازە سنوورییەکەوە، کاڵا دەگوازنەوە بۆ عێراق.
 
سوهراب کەمەری گوتی، ساڵی رابردوو (هەتاوی) هەناردەی دەروازەکە زیاتر لە 3 ملیۆن و 220 هەزار تۆن کەلوپەل بووە و بایی زیاتر لە یەک ملیار و 811 ملیۆن دۆلار بووە.
 
دەروازەی سنووریی میهران یەکێک لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، کە ساڵانە زۆرترین هەناردەی ئێران لە دەروازە سنوورییەکانەوە لەو دەروازەیەوە دەکرێت.