بانکی TBI: ئەمڕۆ دەروازەی فرۆشتنی دۆلار لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەکەینەوە

27-10-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە ئەمڕۆوە بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI) لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، دەروازە بۆ فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی دەکاتەوە، کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەداتە گەشتیاران.
 
لە راگەیێندراوێکدا، بانکی بازرگانیی عێراقی کردنەوەی دەروازەی بانکی لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی راگەیاند، دەڵێت: پێش گەشتکردن، دەبێت گەشتیار پارەی پێویست بە دینار لە یەکێک لە لقەکانیان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و نەینەوا دابنێت. 
 
بەو پێیەبێت، لە رۆژانی داهاتوودا دابەشکردنی دۆلار دەستپێدەکات و ئەوەی ئەمڕۆ تەنیا کردنەوەی دەروازەکانە. 
 
گەشتیار دەبێت تیکت، ڤیزا، کارتی زانیاری و نیشتمانیی پێشکێش بکات لەگەڵ بڕی سێ ملیۆن و 960 دینار، ئەمە جگە لە 250 هەزار دینار کە وەک کرێی بانکی و پسووڵە لێی وەردەگیرێت.
 
گەشتیار سێ هەزار دۆلار لە فڕۆکەخانە وەردەگرێت.
 
بانکی بازرگانیی عێراقی جەخت لەوە دەکاتەوە، لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە دەروازەکانیان لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بە درێژایی هەفتە و 24 کاژێر پێشوازی لە گەشتیاران دەکات. 
 
دیارترین مەرجەکانی پێدانی دۆلار لەلایەن TBI:
 
- سەردانیکردنی یەکێک لە لقەکانی TBI.
- پێویستە کەسەکە گەشتیار بێت و 18 ساڵی تەواو کردبێت.
- وڵاتینامەی عێراقی، پاسپۆرت، کارتی زانیاری، ڤیزە و تیکتی فڕۆکەی پێبێت.
- تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە لە فڕۆکەخانە گەشت دەکەن.
- نابێت گەشتیار گەشتەکەی بۆ ئەو وڵاتانە بێت کە لە لیستی سزادراوانی ئەمریکادان، لەوانە ئێران، رووسیا، سووریا و لوبنان.
 
تێچووی عومرە کەم دەکاتەوە
 
رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 27-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەشتیاران بەگشتی و عومرەکاران بەتایبەتی لەو بڕیارە سوومەند دەبن. بە گوێرەی بڕیارەکە، نرخی عومرە بە رێگەی ئاسمانی لەسەر هاونیشتمانییان کەمتر دەکەوێت.
 
بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عەمرە و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئێستا نرخی عومرە بە رێگەی ئاسمانی لە نێوان 700 بۆ 900 دۆلارە. وشکانیش لەنێوان 350 بۆ 375 دۆلارە.
 
رۆژی شەممە سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "بە شێوەیەکی گشتی، رۆژانە دەتوانین دۆلار بە نرخی فەرمی بە 10 بۆ 15 گەشتیار بدەین. ئەو ژمارەیە بەندە بەو بڕە دۆلارەی رۆژانە بانکی ناوەندی بۆمان دیاریدەکات؛ بۆ هەر گەشتیارێکیش تاوەکو 3000 دۆلار دیاریکراوە، ئەوەش بەگوێرەی ئەو مەرجانەی دیاریمان کردوون."
  
سەرچاوەکەی بانکی تی بی ئای گوتیشی، "دوای ئەوەی گەشتیار چەند رۆژێکی کەم پێش گەشتەکەی ئەو بەڵگەنامە داواکراوانەی هێنایە نووسینگەی سەرەکیمان لە هەولێر و سلێمانی، بەگوێرەی ئەو بڕە دۆلارەی کە دەیەوێت دینارمان پێدەدات، ئێمەش پسووڵەیەکی پێدەدەین و دەتوانێت رۆژی گەشتەکەی لە نووسینگەکانمان لەنێو فڕۆکەخانەکان بڕە دۆلارە دیاریکراوەکەی وەربگرێت. بەڵام دەبێت هاووڵاتیان ئەوە بزانن، ئەو بڕە دۆلارە تەنیا بە گەشتیارانی فڕۆکەخانەکان دەدەین، نەک گەشتیاری دەروازە سنوورییەکان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە