لە شەش مانگ دا بایی 765 ملیۆن دۆلار کاڵا لە دەروازەی سنووریی میهرانەوە هەناردەکراوە

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە ماوەی شەش مانگدا بایی زیاتر لە 765 ملیۆن دۆلار کاڵا لە رێگەی دەروازەی سنووریی میهرانەوە هەناردەکراوە.
 
سوهراب کەمەری، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی پارێزگای ئیلام رۆژی پێنجشەممە لەبارەی هەناردەی شتومەک لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە رایگەیاند، لە 21-03-2024ـەوە تاوەکو 21-09-2024، زیاتر لە یەک ملیۆن و 348 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 765 ملیۆن و 409 هەزار دۆلار لەو دەروازە سنوورییەوە هەناردەی عێراق و وڵاتانی دیکە کراوە.
 
سوهراب کەمەری گوتی، ساڵی رابردوو هەناردەی دەروازەکە زیاتر لە 3 ملیۆن و 220 هەزار تۆن کەلوپەل بووە و بایی زیاتر لە یەک ملیار و 811 ملیۆن دۆلار بووە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرکی ئیلام، زۆرترین ئەو شمەکانەی لەو دەروازەیەوە هەناردەی عێراق کراون، بریتیبوون لە کەرەستەی بیناسازی، کاشی، سیرامیک، ئاسن، پۆلا، بەرهەمی پترۆکیمیایی، چیمەنتۆ، بەرهەمە پلاستیکییەکان، میوە و سەوزە.
 
دەروازەی سنووریی میهران یەکێک لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، کە ساڵانە زۆرترین هەناردەی ئێران لە دەروازە سنوورییەکانەوە لەو دەروازەیەوە دەکرێت.