پووتین: رووسیا ئاستێکی پێوانەیی لە بەرهەمهێنانی دانەوێڵە تۆماردەکات

27-09-2022
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو- هەولێر

ڤلادیمیر پووتین دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی پێشبینی دەکات لە ساڵی 2022ـدا ئاستێکی پێوانەیی لە بەرهەمهێنانی دانەوێڵە تۆماربکات.
 
رۆژی سێشەممە، 27.9.2022، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆبوونەوەیەکی حکومەتی وڵاتەکەی لەبارەی کشتوکاڵ گوتی: "بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، ئەمساڵ بەرهەمی دانەوێڵەمان 150 ملیۆن تۆنە و نزیکەی 100 ملیۆن تۆنی گەنمە". گوتیشی: "ئەمە ئاستێکی پێوانەییە لە مێژووی رووسیادا". 
 
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 138 ملیۆن و 700 هەزار تۆن دانەوێڵە دروێنەکراوە.
 
بەپێی رۆسستات، ناوەندی ئاماری مۆسکۆ، لە ساڵی 2021ـدا رووسیا 120 ملیۆن و 700 هەزار تۆن دانەوێڵەی هەبووە و 75 ملیۆن و 900 هەزار تۆنی گەنم بووە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا حکومەتی رووسیا چەند جارێک وڵاتانی رۆژئاوای بەوە تۆمەتبارکردووە کە رێگری لە هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وڵاتەکەی دەکەن و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم دۆخە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆراکی جیهان دروستدەکات. سەرۆکی رووسیا رۆژی سێشەممە لەوبارەوە گوتی: "بەداخەوە، هەناردەکردنی دانەوێڵە و پەیینی کیمیاییمان بۆ دەرەوە هێشتا کارێکی سەختە".

 

 
ڤلادیمیر پووتین دەشڵێت: "سزای سەر رووسیا مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت دۆخەکە خراپتر بکات و قەیرانێکی جیهانیی خۆراک دروستبێت".
 
رۆژی 22ی تەممووزی ئەمساڵ رێککەوتنێکی تایبەت بە هەناردەکردنی دانەوێڵەی رووسیا و ئۆکراینا بە نێوەندگیریی تورکیا و نەتەوەیەکگرتووەکان واژۆکرا. سەرۆکی رووسیا لەوبارەوە قسەی کرد و گوتی، گەنمی ئۆکراینا بەردەوام بەلای وڵاتانی هەژاردا تێدەپەڕێت، بەڵام بڕی زۆری هەناردەی وڵاتانی دەوڵەمەند دەکرێت.
 
سەرۆکی رووسیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە تاوەکو رۆژی 23ـی ئەیلوول، لە کۆی 203 کەشتی کە بەندەرەکانی ئۆکراینایان جێهێشتووە، "تەنیا چواریان چوونەتە وڵاتانی هەژار".

 

لە بەرامبەردا وڵاتانی رۆژئاوا رەتیدەکەنەوە سزاکانیان رێگری لە هەناردەی رووسیا کردبێت. 
 
رۆژی 22ـی ئەم مانگە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک رایگەیاند: "رووسیا دەنگۆی ناڕاست بڵاودەکاتەوە و هۆکاری قەیرانی خۆراک دەخاتە ئەستۆی سزاکانی رۆژئاوا کە بەهۆی هێرشی سەر ئۆکرایناوە بەسەریدا سەپێندراوە. با لە شتێک تەواو راشکاو بم؛ سزاکانمان رێگە بە هەناردەی پەیینی کیمیایی و خۆراکی رووسیا دەدەن. رووسیا تاکە بەرپرسە لە قەیرانی خۆراک و هەر ئەویش دەتوانێت کۆتایی پێبهێنێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.