رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان شەش مەرجی بۆ پێدانی قەرزی تایبەت بە جووتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری راگەیاند. راوێژکارێکی وەزارەتەکەش دەڵێت، قەرزەکە دەبێتە هۆی بووژانەوەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پیشەسازی، "هەروەها هەلی کار بۆ چەندین کەس لە دەرەوەی ئەو سێکتەرانە دەڕەخسێنێت."
رۆژی سێشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2022، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان مەرج و رێنماییەکانی پێدانی قەرزی بە دەرچووانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری و جووتیاران راگەیاند کە لە گشتاندنێکدا بۆ فەرمانگەکانی وەزارەتەکەی ناردووە.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ هاتووە: دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ بانکی (قرتاسی ئیسلامی) بەمەبەستی دابینکردنی قەرزی بانکی و پاڵپشتیی پڕۆژەکانی جووتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و فێتێرنەری، ئەو رێنماییانەمان دەکرد:
1- وەرگرتنی مامەڵەی جووتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و فێتێرنەری ئەوانەی کە خوازیارن سوودمەند بن بەمەبەستی دامەزراندنی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند و بەرزکردنەوەی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی لە دیوانی وەزارەت.
2- پشتگیریی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان لەگەڵ سەرجەم بەراییەکانی تایبەت بە پڕۆژەکە هاوپێچ دەکرێت، بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و پەسندکردن و ئاراستەکردنی بۆ بانکی ناوبراو.
3- خاوەن بیرۆکە پێویستی بە (کەفیل)ێک دەبێت بۆ بانکی ناوبراو کە فەرمانبەری حکومەت بێت.
4- بڕی قەرزەکە لە 15 ملیۆن دەستپێدەکات تاوەکو 100 ملیۆن دیناری عێراقی دەبێت و بەگوێرەی ئاستی پڕۆژەکە، لەماوەی (1 ساڵ تاوەکو 5 ساڵ) قەرزەکە دەدرێتەوە و لەدوایی شەش مانگی یەکەمی سوومەندبوونی قەرزەکە.
5- کاری وەزارەتمان تەنیا هەڵسەنگاندن و پەسندکردن و پشتگیری و چاودێری پڕۆژەکانە لەڕووی هونەری و پێشخستن و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ جووتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و فێتێرنەری.
6- سەرجەم رێکارە کردارییەکان وەکو (یاسایی و دارایی و کارگێڕی) لە بانک لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکە یەکلایی دەکرێنەوە.
لەبارەی قەرزەکەوە، رۆژی سێشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2022، شەیما جەمال کوێخا، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "قەرزەکە کراوە دەبێت، واتە تەنیا چەند کەسێکی دیاریکراو ناگرێتەوە، بەڵکو ژمارەکە دیاریکراو نییە، قەرزەکە دەبێتە هۆی بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پیشەسازی و هەلی کار بۆ خەڵکانێکی زۆر دەڕەخسێنێت، تەنانەت ئەوانەشی دەرچووی ئەو کۆلێژ و بەشانەش نیین یان جووتیاریش نین."
رۆژی دووشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2022، بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەت و بانکی (القرطاس)ی ئیسلامی بۆ پێدانی قەرزی بانکی بە جووتیاران و دەرچووانی کۆلێژی کشتوکاڵی واژۆ کرا.
بڕی قەرزەکە لەنێوان 15 ملیۆن بۆ 100 ملیۆن دینارە، ئەوانەی داوای قەرزەکە دەکەن، دەبێت پڕۆژە پێشکێش بکەن. لەڕێگەی لیژنەیەکەوە پڕۆژەکەیان هەڵدەسەنگێندرێت و بەپێی قەبارەی پڕۆژەکە، دەتوانێت پارە وەربگرێت.
بەپێی رێککەوتنەکە، ماوەی وەرگرتنەوەی پارەکەش لە دوای مانگی شەشەمی دروستکردنی پڕۆژەکە دەبێت، قەرزەکەش هیچ سوودێکی ناچێتە سەر و ماوەی دانەوەیشی پێنج ساڵ دەخایێنێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەیەوێت لەڕێگەی قەرزەکەوە پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان بۆ بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری زیاد بکات و ئاستی بەرهەم لەو بوارەدا زیاد بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ